توێژەرێكی بواری سیاسی لە عێراق جەخت لەوە دەكاتەوە، پەكخستنی دانیشتنی رۆژی شەممە 26ی 3ی 2022ی پەرلەمانی عێراق، كە تایبەت بوو بە پرۆسەی هەڵبژاردنی سەركۆمار، ئەوە دەردەخات، كە ئەو لایەنانەی نەچوونە دانیشتنەكەوە، بەدوای دەستكەوت و پۆستەوەن، لەسەر حسابی بەرژەوەندیی وڵات و خەڵكەكەی و ئەوانە كار بۆ بەڕێوەبەردنی راستەقینەی دەوڵەت ناكەن. عەلی ئەلبەیدەر، توێژەری سیاسیی عێراقی لەمبارەیەوە بۆ (باسنیوز) روونی كردەوە: “دانیشتنەكەی رۆژی شەممە زۆر بە روونی دەریخست، هەندێك پەرلەمانتار خۆیان بە سەربەخۆ هەڵبژاردووە، بەڵام ئەوانە ئەو رۆڵەیان لە هەڵبژاردندا تەنیا بۆ گەیشتن بە پەرلەمانتاریی گێڕاوە، كەچی لەڕاستیدا پێشوەختە پاشكۆی حزبەكانی ناو دەسەڵاتن”. عەلی ئەلبەیدەر، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: “هەموو ئەگەرێك بۆ دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان كراوەیە، كە خراوەتە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، كە رەنگە ئەوساش بەهۆی كەمیی ماوە دوا بخرێت، كە بوار نییە بۆ جوولەی سیاسی، یان رەنگە هەندێ گۆڕانكاریی رووبدەن و دانیشتنەكە بە یاسایی و دەستووری ئەنجام بدرێت”. رۆژی شەممە 26ی 3ی 2022، پەرلەمانی عێراق بەهۆی تەواونەبوونی ژمارەی پێویست لە ئەندامانی، بڕیاری دا دانیشتنی هەڵبژاردنی سەركۆمار بۆ رۆژی چوارشەممەی داهاتوو دوا بخرێت. لە دانیشتنی رۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراق، 202 ئەندام پەرلەمان ئامادە بوون و 126 ئەندامیش نەچوونە ژوورەوە و دانیشتنەكەیان بایكۆت كرد. هەڵبژاردنی سەركۆماری عێراق پێویستی بە ئامادەبوونی 220 ئەندام پەرلەمان هەیە، بۆ ئەوەی پرۆسەكە بە یاسایی ئەنجام بدرێت.
توێژەرێكی سیاسیی عێراقی: هەوڵی لایەنەكانی پشت پەكخستنی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەستكەوت و پۆستە
