ئەڵمانیا ژمارەیەک ژن و منداڵی داعش وەردەگرێتەوە

حکوومەتی ئەڵمانیا ژمارەیەک ژن و منداڵی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش وەردەگرێتەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 31-3-2022، ئیدارەی خۆجێیی رۆژئاوای کوردستان لە بەیاننامەیەکدا، رایگەیاندووە: شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کردووە. هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، شاندەکە 27 منداڵ و 10 ژنی چەکدارانی داعشی وەرگرتووەتەوە کە بە رەگەز ئەڵمانین و لە کەمپی هۆل لە حەسەکە دەست بەسەر کرابوون. ئیدارەی خۆجێیی رۆژئاوای کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، تاوەکوو ئێستا 69 منداڵ و 22 ژنی بە رەگەز ئەڵمانیان رادەستی حکوومەتی ئەو وڵاتە کردووەتەوە. کەمپی هۆل لە حەسەکە زیاتر لە 16 هەزار خێزانی چەکدارانی داعشی تێدا دەست بەسەر کراوە کە زۆرینەی خێزانەکان بە رەگەز عێراقین.