بە چەقۆ هێرش دەکرێتە سەر سێ کەسایەتیی ئایینیی ئێرانی

کەسێک لە شاری مەشهەد لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران، بە چەقۆ هێرشی کردە سەر سێ کەسایەتیی ئایینیی ئەو وڵاتە. ئەمڕۆ چوارشەممە 6-4-2022، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری مەشهەد دەستیان بە هەڵمەتێک بۆ دەستگیرکردنی هێرشکارەکان، کردووە. رووداوەکە رۆژی سێشەممە (دوێنێ) رووی داوە و تێیدا لە مەزاری ئیمام رەزا بە چەقۆ هێرش کرایە سەر سێ مەلای شیعەمەزهەب و بەهۆیەوە یەکێکیان گیانی لەدەست دا و دووەکەی دیکەش بریندار بوون. محەمەد حوسێن درودی، داواکاری گشتیی مەشهەد رایگەیاندووە: هێرشکارەکە خەڵکی ئێران نەبووە و لە مەشهەد نیشتەجێ بووە و چوار کەسیش بەتۆمەتی هێرشەکە دەستگیر کراون. موحسین داوەری، حاکمی مەشهەد رایگەیاندووە: ئەو کەسەی هێرشەکەی کردووە خاوەن بیروباوەڕی حزبە ئیسلامییە توندڕەوەکانە و هێرشەکەی بە بەرنامە کردووە.