حه‌یده‌ر لامی: دوای رووخانی رژێمی پێشوو سه‌رۆك بارزانی هه‌ڵوێستێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ی نواند

حه‌یده‌ر لامی، سه‌ركرده‌ له‌ ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی شیعه‌ رایدەگەیەنێت، دوای رووخانی رژێمی پێشوو سه‌رۆك بارزانی هه‌ڵوێستێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ی نواند. لامی، لە لێدوانێکیدا بۆ(کوردستان ٢٤) رایگەیاند: “پێشتر عێراق له‌ژێر سته‌می دیكتاتۆرییه‌تێكی گه‌وره‌دا ده‌ژیا، كه‌ ئه‌و فه‌رمانڕه‌واییه‌ بووه‌ هۆی دابه‌شبوونی عێراق و وڵاتی خسته‌ ناو گێژه‌ڵۆكی شیعه‌ و كورد و سوننه‌. دواتریش كاتێك هێزی “داگیركاری ئه‌مه‌ریكی” هاتنه‌ عێراق و كه‌سانێكیان بۆ فه‌رمانڕه‌وایی عێراق دیاریكرد، كه‌ هیچیان له‌باره‌ی سرووشتی گه‌لی عێراق و شێوازی ژیانیان نه‌ده‌زانی”. گوتیشی: “كاتێك گارنه‌ر وه‌ك حاكمی مه‌ده‌نی دیاریكرا و دواتریش پۆڵ برێمه‌ر هاته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، به‌ڕێز سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی راسته‌وخۆ گوتی: ده‌مویست بریمه‌ر له‌ عێراق ده‌ربكه‌م، كه‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی سه‌رۆك بارزانی هه‌ڵوێستێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ بوو”. حه‌یده‌ر لامی باسی ئه‌وه‌شی كرد، ئه‌وكات راوێژكارێك له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی گوتی: “هه‌مووتان راوێژكارن لای من، به‌ڵام سه‌رۆك بارزانی ئه‌مه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ و هه‌ڵوێستێكی راست و دروستی نواند، چونكه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان هیچ شاره‌زاییه‌كیان له‌باره‌ی دۆخی عێراق نه‌بوو و به‌نیازی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی حكومه‌ت بوون و ته‌نانه‌ت هه‌وڵیان ده‌دا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیش هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌ و پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق له‌بار ببه‌ن”.