وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێ لەبارەی وەرگرتنی ڤاکسینی پەتای کۆرۆنا دەدات. حەربی ئەسعەد، بەرێوەبەری تەكنەلۆژیا و زانیاری لە وەزارەتی تەندروستی، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار کارتی ڤاکسینیان بۆ هاووڵاتیان دروست کردووە. حەربی ئەسعەد هەروەها رایگەیاند: پێشتر ئەو هاووڵاتیانەی لە دەرەوەی کوردستان دوو ژەم ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتبوو، دەبوایە لە هەرێمی کوردستانیش دوو ژەم ڤاکسین وەربگرن بۆ ئەوەی کارتی ڤاکسینیان پێبدرێت. ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکەیان گۆڕیوە و ئێستا ئەو هاووڵاتیانەی لە دەرەوە دوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە، پێویستە لە هەرێمی کودستانیش ژەمێک وەربگرن بۆ ئەوەی کارتی ڤاکسینیان پێبدرێت.