بەڤیدیۆ.. پەرلەمانتارێکی پێشوو ئاشکرای دەکات کە خەڵکی پێنج وڵات مووچەی خانەنشینی لە عێراق وەردەگرن

وائیل عەبدولەتیف، سیاسەتوان و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ئاشکرای کرد کە بە هەزاران کەس لە پێنج وڵاتی دەوروبەری عێراق مووچەی خانەنشینی لە عێراق وەردەگرن. ئەو سیاسەتوانە عێراقییە کە پەرلەمانتاری پێشووی عێراقە و نوێنەری پارێزگای بەسڕا بووە رایگەیاند: “خەڵکی پێنج وڵاتی دەوروبەری عێراق مووچەی خانەنشینی لە عێراق وەردەگرن و بانکی رافیدەینیش سەرقاڵی کردنەوەی لقێکە لە وڵاتی میسڕ بۆ ئەوەی مووچەی خانەنیشینی 80 هەزار میسڕی بدات”. ئاشکراشی کرد کە زیاتر لە 500 هاووڵاتیی ئێرانیش مووچەی خانەنشینیان لەسەر عێراقە گوتیشی: “داوامان لە دەستی خانەنشینی عێراق کردووە کە وردەکاری و زانیاریی تەواومان لەمبارەیەوە پێبدات بەپێی ناسنامەی ئەو کەسانەی کە مووچەکە وەردەگرن”. روونیشی کردەوە کە لە هەریەک لە وڵاتانی ئوردن و لوبنان و میسڕ و ئێران و سووریا بە هەزاران کەس مووچەی خانەنشینی لە عێراق وەردەگرن ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتاری کورد داوایان دەکرد نەوتی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی رادەستی بەغدا بکرێت بیانووشیان بۆ ئەو داواکارییە ئەوەیە کە گوایە ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان خۆشتر دەبێت بەڵام بەپێی بەڵگەکانی بەردەستی ئەو سیاسەتوانە لە پێنج وڵاتی دیکەوە داهاتی عێراق دەبردرێ بە ناوی مووچەی خانەنشینییەوە.