پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، ئەوەی لە توانای ئەوان بێت بۆ خزمەتکردنی دۆڵی خۆشناوەتی، دەیکەن. ئەمڕۆ 16-4-2022، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ل پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵوەگەڕی کیمیبارانکردنی دۆڵی خۆشناوەتی (بالیسان و شێوە وەسان) لەلایەن رژێمی بەعسەوە، پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە. لە پەیامەکەیدا، ئومێد خۆشناو وێڕای دانەواندنی سەری رێز بۆ شەهیدانی کیمیابارانکردنی بالیسان و شێخ وەسان، رایگەیاندووە: ”هیچ كاتێك خزمه‌تكاریی ئەوان بۆ شۆڕش و پێشمەرگە لەبیر ناكرێت و بۆ هەتا هه‌تایە بەزیندوویی له بیر و هزری شۆڕشگێڕ و پێشمه‌رگه‌دا ده‌مێنێته‌وە“. پارێزگاری هەولێر لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئه‌وه‌ى له تواناى ئەوان و لەدەستیان بێت بۆ خزمه‌تكردنی خەڵکی دۆڵی خۆشناوەتی جێبه‌جێى ده‌كه‌ن لە گەیاندنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی زیاتر بۆ دەڤەرەکە، ”چونکە شایسته‌ى هه‌موو خزمه‌تێکن“. دەقی پەیامەکەی ئومێد خۆشناو: پەیامی پارێزگاری هەولێر، لە ساڵیادی کیمیاباران کردنی بالیسان و شێخ وەسان و دۆڵی خۆشناوەتی بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان لەیادی 35 ساڵەی کیمیاباران کردنی بالیسان و شێخ وەسان و دۆڵی خۆشناوەتی، سه‌ری ڕێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدانی ئه‌و دەڤەرە دادەنوێنین کە لە ئێواره‌ی ڕۆژی 16ی نیسانی 1987، لەهێرش و پەلاماری ڕژێمی به‌عس و كیمیاباران كردنی دەڤەرەکە، ژماره‌یه‌كی زۆر لەخه‌ڵكی خۆشه‌ویستی ئه‌و ناوچه‌یه شه‌هید و برینداربوون. ده‌ڤه‌ری خۆشناوەتی کە هەمیشە شوێنی باره‌گاكانی پێشمه‌رگه بووە و خەڵکی ئازیزی ئەم ناوچەیە ڕۆڵی مەزنیان هەبووە له خزمه‌تكردن و حه‌واندنه‌وه‌ی پێشمه‌رگە و وه‌ك پێشمه‌رگه بەدرێژایی مێژووی پڕسەروەری خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان زه‌حمه‌تییه‌كی یه‌كجار زۆریان دیوە، هیچ كاتێك خزمه‌تكاریی ئەوان بۆ شۆڕش و پێشمەرگە لەبیر ناكرێت و بۆ هەتا هه‌تایە بەزیندوویی له بیر و هزری شۆڕشگێڕ و پێشمه‌رگه‌دا ده‌مێنێته‌وە. ئەم ناوچەیە کە پارچەیەکی ئازیز و خۆشەویستی هەولێرە، وەک هه‌موو ناوچه‌یه‌كی تر سنووری پارێزگاکەمان شایانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و بایه‌خپێدانه، بەتایبەتی کە دوای ئەو هەموو کارەسات و وێرانکارییەی دەرهەقی کراوە، ئەمڕۆ بەخۆشحاڵییەوە ئاوه‌دانییه‌كی به‌رچاوی بەخۆیەوە بینیوە، لەگەڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا پێویستە خزمەتی زیاتری پێشکەش بکرێت، لێردا وەکو پارێزگای هەولێر دڵنیایی خەڵکی تێکۆشەر و بەئەمەک و قوربانیدەری ئەو دەڤەرە دەکەینەوە، ئه‌وه‌ى له تواناى ئێمه و لەدەستمان بێت بۆ خزمه‌تكردنیان جێبه‌جێى ده‌كه‌ین لە گەیاندنی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی زیاتری دەڤەرەکە، چونکە شایسته‌ى هه‌موو خزمه‌تێکن. دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کیمیابارانی بالیسان و شێخ وەسان و دۆڵی خۆشناوەتی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر