خانمە چالاكوانێك، ڕەخنەی توند لە ئاڵا تاڵەبانی، یەكێك لە دەركراوەكانی نێو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەگرێت و وەبیری دێنێتەوە كە هەمیشە لە بەرەی نەیارانی هەرێمی كوردستانەوە قسە دەكات و ”نەخۆشیی دژایەتیكردنی كوردستان“ی گرتووە.لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتەی یەكێتی بە دەركراوەكانیشەوە دەستیان پێكردووە بۆ چەواشەكردنی خەڵك و تێبزركردنی دزینی داهاتی سلێمانی، ئاڵا تاڵەبانی نووسینێكی بڵاو كردۆتەوە و وای نیشانداوە گوایە لە خەمی هەڵنەكردنی ئاڵای كوردستان بووە لە توركیا، لە كاتێكدا خۆی لە خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧، لە بەرەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە دژی هەرێمی كوردستان وەستابووەوە و هەر ئەویش بوو بە دەم سروودی مەوتینیی عێراقییەوە، رەچەڵەكی تاڵەبانییەكانی بۆ هۆزی (بەنی ئەسەد)ی عەرەبی شیعە دەگەڕاندەوە.لە بەرامبەردا ئاورینگ شێخ عەلی، چالاكوان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ئاڵا تاڵەبانی هەر ئەو كەسەیە كە ”حاشای له كوردبوونی خۆی كرد و ڕەچەڵەكی خۆی بۆ سهر عەشیرەت و نەتەوەیەکی دیكه گەڕاندەوە، مەگەر هەر ئەو نەبوو تەنیا لە پێناو كورسییەكی پەرلەمان، وازی لە حزبەكەی خۆی هێنا و لە لایەن عەرەبە شۆڤێنییەكان وەك پاداشتی خیانەتەكانی، بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا؟“.بە بڕوای ئەو خانمە چالاكوانە، ئاڵا تاڵەبانی ”نەخۆشیی دژایەتیكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستانی هەیە، ئەگەر ئاڵا لە خەمی ئاڵای کوردستاندا بوایە، دەبوو لە خیانەتی ٦۱ی ئۆکتۆبەردا کە سووکایەتیی زۆر بە ئاڵای کوردستان کرا، هەڵوێستی هەبوایە، ئەو لەپێناو پۆست و ئیمتیازاتیشدا ئامادەیە هەر ڕۆژەی لە بەرەیەكدا بێت، لە كاتێكدا ”كوردی راستەقینە دەبێت بە باوەڕێكی پتەوە ههوڵ بدات بۆ پێشخستنی وڵاتهكهی، ئێمه خاوهنی دۆزی گەلی كوردستانین، لەپێناو ئاڵا تاڵهبانی و ئهمسالی ئەو، واز لە دۆزەكەمان ناهێنین و خۆمان رادەست ناكەین“. ئاورینگ شێخ عەلی دەپرسێت، لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا كەس جارێك بینیویەتی ئاڵا تاڵەبانی هەڵوێستێكی كوردانە بنوێنێت؟ ”كەس بینی دژی بڕیارەكەی دادگای فیدرالی قسە بكات؟ مێژوو رەحم بە جاش و خیانەتكاران ناكات“. جەختیشی كردەوە كە ئاڵا تاڵەبانی خۆی باش دەزانێت چی لە سلێمانی دەگوزەرێت، پارەی بانكەكان دیار نامێنێت و خەڵك دەكوژرێن و داهاتی دەڤەرەكە بە تەواوی دەدزرێت، ”ئەوان نایانەوێ خەڵكی باسی ئەم دۆخە بكات، بۆیە پەلاماری ئەم و ئەو دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پەلاماردانەیان بێ ئەنجام و خۆیان و ئاغاكانیان بە نائومێدی لێی دەردەچن“. ئاورینگ شێخ عەلی ئامۆژگاریی ئاڵا تاڵەبانی دەكات، لەجیاتی خۆڵكردنە چاوی خەڵك، لە دەڤەری سلێمانی بپرسێت و بزانێت لە سایەی ئەو حزبەی كە تا ئێستا چەند جارێك تێیدا دەركراوە، چی بەسەر خەڵكەكەیدا دێت؟