سەرۆکی ئێران پەیامێکی توند بۆ ئیسرائیل دەنێرێت

سەرکۆماری ئێران پەیامێکی توند بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل دەنێرێت. ئەمڕۆ دووشەممە 18-4-2022، ئیبراهیم رەئیسی، سەرکۆماری ئێران لە وتەیەکدا بەبۆنەی رۆژی سوپا لە ئێران، رایگەیاندووە: هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران بچوکترین جووڵەی ئیسرائیلیش دەبینن و ”بەردەوام چاودێریان دەکەین“. ئیبراهیم رەئیسی هەروەها رایگەیاندووە: هەر کەسێک بیەوێ رووبەڕووی ”سیستەی پیرۆزی ئێران“ ببێتەوە، ئەوا تووشی شکست دەبێت. سەرکۆماری ئێران پێیوایە سوپای ئێران و سوپای پاسداران دوو قۆڵی بەهێزی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئێرانن و سوپا بەهۆی گەمارۆکانەوە، توانیویەتی پیشەسازیی سەربازی و بەرگریی خۆی پەرە پێبدات. ئیبراهیم رەئیسی ئاماژەی بە ”بەهێزی“ی سوپای وڵاتەکەی کردووە و رایگەیاندووە: ”ئامادەیی سوپا پەیامێکە بۆ دوژمن کە هێزەکانمان توانی رووبەڕووبوونەوەیان هەیە“.