عەرەبی هاوردە لە پرۆسەی تەعریب لە سنووری قەزای دووبزی سەر بە پارێزگای كەركووك بەردەوامن و لەسەر زەویوزاری جوتیارانی كورد دوو گوندی نوێیان دروست كردووە. ئەمڕۆ دووشەممە 18/4/2022 عومەر شاسوار كەسایەتی دیاری ناوچەی دووبز و موختاری گوندی چەخماخەی سەر بە قەزای دووبز، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، پرۆسەی تەعریب لە سنووری قەزای دووبز بەردەوامە و عەرەبە هاوردەكان دوو بۆ سێ مانگ جارێ هەوڵی داگیركردنی زەویوزاری تری گوندەكەی ئێمە و گوندەكانی تری سنووری دووبز دەست پێدەكەنەوە و ئەوان گرێبەستی زەوی كشتوكاڵی كاتی بەعسیان بۆ نوێ دەكرێتەوە بۆ داگیركردنی زەویوزاری كورد و كوردیش خاوەنی تاپۆی ڕەشە، بەڵام ئێستا ئەو عەرەبانە لەلایەن پارێزگاری بە وەكالەتی كەركووكەوە پشتگیری دەكرێن و دادگاكانیش گرێبەستەكانیان بۆ نوێ دەكەنەوە و بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركووكیش كارئاسانییان بۆ دەكات و چەند دادوەرێكی شۆڤێنی لە كەركووكیش هەر پشتگیری ئەو عەرەبە هاوردانە دەكات بۆ داگیركردنی زەوی كورد و بۆ ئەوەی تەعریب زیاد بكەن لە سنوورەكە. هەروەها ئاشكرای كرد كە عەرەبە هاوردەكان بەوەشەوە نەوەستاون و وا گوندێكیان لەسەر زەویوزاری ناوچەی مەرعی سەر بە دووبز دروست كردووە و هەروەها گوندێكی تریش وا تازە دروست دەكەن لەسەر زەویوزاری جوتیارانی گوندی قوشقایە و بە بەرنامە كار دەكەن و زەویەكی زۆریان زەوت كردووە. هاوكات، عومەر شاسوار، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەو عەرەبانە پێشتریش لە چوارچێوەی مادەی 140یش قەرەبوو كراونەتەوە، بەڵام وا ئێستا دێنەوە، بۆیە دەبێ پەرلەمانتارەكانمان كار بكەن بۆ ڕاگرتنی ئەو تەعریبە و پێشتریش خۆم چوومەتە دادگا بۆیان دەركەوت كە ئەو زەویانە هی هاووڵاتییانی كوردە كە تاپۆی ڕەشیان هەیە، بەڵام ئیتر تەعریبە و بە گرێبەستی زەوی كشتوكاڵی دەست بەسەر ئەو زەیانە دەگرن، بۆیە ئەگەر دۆخەكە هەر بەم شێوەیە بەردەوام بێ، كورد لەناوچەكە ئەوا گوندەكانیان لە دەوروبەری دووبز تاكوو سەرگەڕان چۆڵ دەكەن و كوردی تێدا نامێنێت، چونكە سیاسەتی كاتی بەعسیان زیندوو كردووەتەوە.