عەبدولستار مەجید، زاوای عەلی باپیر كە بەهۆی ئەو خزمایەتییەوە بەردەوام پۆستی جۆراوجۆری پێ دەدرێت و ئێستا لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەرییە لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ پەرلەمانی عێراقیش خۆی بەربژێر كرد بەڵام دەرنەچوو، كێشەیەكی گەورەی لەنێو فراكسیۆنەكەدا دروست كردووە. بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە سەرچاوەیەكی نێو فراكسیۆنی كۆمەڵەوە دەست (باسنیوز) كەوتووە، بەهۆی تاكڕەویكردنی عەبدولستار مەجید و پشتیوانیكردنی بەردەوامی بۆ پرۆژە و هەڵسوكەوتەكانی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لایەك و گوێنەدانی عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری لە ناڕەزایی پەرلەمانتارەكانی و پشتگیریكردنی بەردەوامی بۆ عەبدولستار مەجید، كێشەیەكی گەورە لەنێو فراكسیۆنی كۆمەڵ لە پەرلەمانی كوردستان دروست بووە. سەرچاوەكە ئەوەشی دركاند كە بەهۆی ئەو كێشەیەوە، هەریەك لە پەرلەمانتارانی كۆمەڵ (ههورامان گهچێنهیی و عوسمان كانی كوردهیی) ماوەیەكە وازیان لە پابەندییەكانیان بەرامبەر فراكسیۆنی كۆمەڵ هێناوە و ناچنە كۆبوونەوەكانەوە و هەڵوێستیان نواندووە. هەمان سەرچاوە ئەوەشی دركاند كە ماوەیەكە عەلی باپیر و عەبدولستار مەجید بە شێوەیەكی نامۆ مامەڵە دەكەن و سەركردەكانی حزبەكەیان تووڕە دەكەن: ”لە كۆبوونەوەیەك مامۆستا دلێر گەرمیانی تەنیا لەبەر ئەوەی گوتی ئەوەی بەرپرسیارێتیی لەسەر شان بێت و جێبەجێی نەكات، گوناهبارە“، عەلی باپیر وەڵامی دایەوە و پێی گوت: ”مادام پێتوایە گوناهبارییە، پۆستەكە جێ بهێڵە“، بەم هۆیەوە دلێر گەرمیانی وازی لە كۆمەڵ هێناوە. ئەوەشی ئاشكرا كرد: ”ئێستا هەریەك لە دلێر گەرمیانی و دڵشاد گەرمیانی، فارووق عەلی، یاسین حەسەن، هەورامان گەچێنەیی و عوسمان كانی كوردەیی لە كۆمەڵ نیگەرانن و لە ماڵەوە دانیشتوون.“ پێشتر (باسنیوز) ئاشكرای كردبوو كە دیارترین كێشەی كۆمەڵ، پێداگریكردنی عەبدولستار مەجیدە لەسەر پرۆژەكەی یەكێتی كە دەخوازێت هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان بە سیستەمی فرەبازنەیی بكرێت، لە كاتێكدا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كۆمەڵ زەرەری لەو سیستەمی فرەبازنەییە كردووە و چەندان كورسیی لەدەست داوە و تەنیا یەك كورسیی پەرلەمانی عێراقی بەدەست هێناوە.
عەبدولستار مەجید، كێشەیەكی گەورە لەنێو فراكسیۆنی كۆمەڵدا دەنێتەوە
