(باسنیوز) چیرۆكی چۆنییەتی سووتاندنی رەیان لەلایەن زڕدایکییەوە دەخاتە روو

رۆژی یەكشەممەی ئەم ھەفتەیە لە گەرەكی ١١ ئازار لە ناحیەی كەسنەزانی سەر بە پارێزگای ھەولێر زڕدایكێك نەوت بە كچەكەیدا دەكات و دوای دوو رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە ئێوارەی ئەمرۆ سێشەممە گیانی لەدەست دا، پێش گیان لەدەستدانی لە دانپێدانانەكەیدا رەیان ئەوەی باس كردووە كە زڕدایكی سووتاندوویەتی ھەر ئەمڕۆش لەلایەن پۆلیسەوە زڕدایكەكە دەستگیركراوە. كەسێكی نزیكی رەیان چیرۆكی رەیان بۆ (باسنیوز) دەگێرێتەوە و دەڵێت “چوار ساڵ پێش ئێستا دایكی رەیان كۆچی دوایی كردووە باوكی ھاوسەرگریری كردووەتەوە رەیان خوشكێك و دوو برای ھەبووە خوشكەكەی بە منداڵی ھاوسەرگیری كردووە بەڵام ئەم زڕدایكەیان بەردەوام ئەشكەنجە و ئازاری رەیانی داوە بە لێدان و دەركردن و داغكردن كە ھەموو ئەم ئەشكەنجانە بە جەستەی رەیانەوە شوێنەواریان ھەبووە”. ئەو کەسە نزیکەی رەیان گوتیشی: “رۆژی یەكشەممەی ئەم ھەفتەیە زڕدایكی لە رەیان دەدات و كاتێك باوكی دەچێت بۆ مزگەوت نەوت بە رەیاندا دەكات و پێ دەڵێت با باوكت ھاتەوە بترسێ ئەویش ئاگر لە كچەكە بەردەدات و دەرگای لەسەر دادەخات دراوسێكانی ھەوڵی رزگاركردنی دەدەن دەیگەیەننە نەخۆشخانە لەكاتی گواستنەوەشی بۆ نەخۆشخانە ھەڕەشەی لێدەكات پێ دەڵێت بڵی بە غاز سووتاوم بەڵام بۆنی نەوتی لێ ھاتووە”. راشیگەیاند: “لە سەرەتای دانپێدانانەکە رەیان گوتویەتی خۆم سوتاندووە بەڵام دواتر مامی رەیان بە تەنیا چووەتە لای رەیان و پێ گوتووە چۆن بوو سووتای ئەویش بە مامی گوتووە خۆ زڕدایكم نازانێ قسەم بۆ كردووی ئەویش گوتوویەتی نەخێر، دەستگیركراوە ، دواتر رەیان چیرۆكەكەی بۆ گێڕاوەتەوە كە چۆن زڕدایكی سووتاندوویەتی، مامی قسەكانی رەیانی تۆمار کردووە و دواتر پۆلیس دووبارە گوتەی رەیانیان وەرگرتووەتەوە راستییەكانی بە پۆلیس گوتووە، دوای لێكۆڵینەوە، زڕدایكەكە دانی بە تاوانەكەیدا ناوە و ئێستا دەستگیر کراوە”.