دەست بە خەرجكردنی شایسته‌ی توێژێكی هه‌رێمی كوردستان دەكرێت

 پارەی مامۆستایانی چاودێر و كارمەندانی بەشداری ئەزموونە گشتییەكان خەرج دەكرێت و بەرپرسێكیش روونكردنەوەی زیاتر لەبارەیه‌وە دەدات. بەپێی بەدواداچوون، دەست بە خەرجكردنی پارەی مامۆستایانی چاودێر و ئەوانەی بەشداربوونە لە بەڕێوەبردنی ئەزموونە گشتییەکان، بۆ ساڵی خوێندنی 2020-2021 خولی یەکەم و دووەم كراوە. مەریوان بەگۆ، بەرێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “پاش رەزامەندیی وەزارەتی دارایی دەست كراوە بە خەرجكردنی پارەی مامۆستایانی چاودێر و ئەو فەرانبەر و كارمەندانەی پەروەردە، كە لە بەرێوەبردنی تاقیكردنەوەكان بەشداریيان كردووە”. بەپێی رەزامەندی وەزارەتی دارایی، بڕی سێ ملیار و 910 ملیۆن و 554 هەزار دینار بۆ چاودێرانی هۆڵەکانی تاقیکردنەوەی خولی یەکەم و دووەمی ئەزموونە گشتییەکانی خوێندنی ساڵی ڕابردوو خەرج دەكرێت. بەرێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەش دا، ئەو پارەیە هەموو پەروەردەكان دەگرێتەوە و پارەكەش بڕێكی باشە و بەپێی رێكارەكانی نێوان پەروەردە و گەنجینەكان خەرج دەكرێت، گوتیشی: “ئەو بڕە پارەیە بۆ پەروەردەی هەموو پارێزگاکان خەرج دەکرێ، ئەویش به‌پێی لیستی بەشدارانی چاودێریی خولی یەکەم و دووەمی ئەزموونە گشتییەكان، هەر پەروەردەیەك كارەكانی تەواو كردبێت پارەكەی بۆ خەرج دەكرێت”.