سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان ڕایگەیاند، 35٪ی کرێکارانی دهۆک لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە هاتوون و بەشی زۆریشیان کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستانن و دەخوازن لە دهۆک کار بکەن. ئەمڕۆ، یەکشەممە 1/5/2022، وهلات ئهمین ئۆزمانى، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، شەڕی داعش و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر ڕەوشی کرێکاری هەبووە و ئاشکرایشی کرد: ”لە پارێزگاری دهۆک 65٪ی کرێکاران هاووڵاتییانی پارێزگاکەن و 35٪یش لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە هاتوون، کە ئەوانەش دوو بەشن، بەشی زۆریان کوردی باکوور و ڕۆژاوای کوردستانن و دەخوازن لە پارێزگای دهۆک کار بکەن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی ڕێنوێنییەکان مۆڵەتی کارکردنی پێ داون، بەشێکیشیان بیانین”. سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان گوتیشی: ”باس لەوە دەکرێت کە 10 بۆ 15٪ ڕێژەی بێکاری لە دهۆک هەبێت، بەڵام ئێمە پێشبینی دەکەین کە ئەو ڕێژەیە زیاتر بێت”. جەختی لەوەش کردەوە: ”ئێمە وەکوو سەندیکای کرێکاران هەموو هەوڵی خۆمان داوە بۆ ئەوەی مافی کرێکاران دابین بکرێت، وەکوو پەرەپێدانی سەندووقی خانەنشینی و دابینکردنی شوقە و یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێکاران کە لەو بوارەدا کاری باش کراوە و پێمان وایە بەم نزیکانە زەویی بۆ دیاری دەکرێت و دەست بە دروستکردنیشی دەکرێت”.
35٪ی کرێکارانی دهۆک لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە هاتوون
