عەمار حەكیم زەنگی مەترسی لێدەدات

ئەمڕۆ سێشەممە عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە لە وتاری نوێژی جەژندا، زەنگی مەترسی لێدا و رای گەیاند مەترسی گەورە هەیە و عێراق بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر دەچێت. حەكیم گوتی دۆخی سیاسیی عێراق بەرگەی چوونە گرەو و ریسكی زیاتر ناگرێت، بەڵكو پێویستە حكوومەتێك لە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی بێتە پێكهێنان. دووپاتیشی كردەوە مەترسی گەورە لەسەر پرۆسەی سیاسی و دیموکراسیی عێراق هەیە، ڕەنگە دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر بچێت. عەمار حەکیم ئاماژەی بەوەدا كە ئەو ئاڵۆزییانەی ئێستا بەرۆكی عێراقیان گرتووە، رەنگە زیاتر بن. ئەوەشی دووپات كردەوە كە شکاندنی یەكتری لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە خزمەت بە هیچ لایەنێک ناکات، ئامانجەکانیش بەم شێوەیە نایەنەدی، بەڵکو کێشەکان زیاتر دەبن. سەرۆكی رەوتی حیكمە ئەوەی ئاشكرا كرد كە کێشەیەکی گەورە لە سیستەمی سیاسیی عێراقدا هەیە، چۆن دەبێت هەڵبژاردن بۆ خەڵک ببێت بە کێشە؟ لە جیاتی گێرانەوە متمانە بۆ خەڵک، جارێکی دیکە هەمان هەڵەکانی رابردوو دووبارە دەبنەوە، کە ئەمە درز لە نێوان دەسەڵات و هاووڵاتییان زیاتر دەکات.