محەمەد عەللاوی: عێراق تووشی قەیرانی برسێتی دەبێت

سیاسەتمەدارێكی دیاری عێراقی هۆشداری لەوە دەدات کە برسێتی ڕوو لە عێراقییەکان دەکات و عەمبارەکانی گەنمیش تەنها بەشی سێ حەفتە دەکەن. محەمەد تۆفیق عەللاوی، سیاسەتمەداری دیاری عێراقی، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بابەتێکی لەژێر ناونیشانی ”تاوانێکی گەورە دەرحەق بە گەلی عێراق” بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی، گەلی عێراق تووشی قەیرانی برسێتی دەبێت. ئەو سیاسەتمەدارە عێراقییە دەڵێت: ”ڕاپۆرتە حکوومییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە عەمبارەکانی گەنم تەنها بەشی سێ حەفتە دەکەن و هەر یادداشتنامەیەکیش لەگەڵ هەر وڵاتێک واژوو بکرێت، لانی کەم دوو مانگ دەخایەنێت بۆ هێنانی گەنم و ئەوەش بۆ کەمتەرخەمیی حکوومەت دەگەڕێتەوە و دەروازەیەکیشە بۆ گەندەڵی لەو بوارەدا”. عەللاوی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ”بەرەو برسێتی دەڕۆین، بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، تەنها 380 هەزار تۆن گەنم لە عەمبارەکاندا ماوە، لە کاتێکدا گەلی عێراق مانگانە پێویستی بە 450 هەزار تۆن هەیە و ئەو ڕێژەیەش تەنیا بەشی سێ حەفتە دەکات”.