پێشمەرگە و سوپا ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان ئەنجامدا

ئەمڕۆ پێنجشەممە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراقی هێزەکانی میحوەری دووی قەرەتەپە ئەنجامدرا. بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە،لەم ئۆپەڕاسیۆنەدا، هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق توانیان بەشێکی زۆری ناوچەکە کێوماڵ بکەن، لە هەندێ خاڵدا نزیکبوونەتەوە لە یەکتری و هاوکاری و هەماهەنگی هەبوو، لەدەرئەنجامدا چەند شوێن و پەناگەیەکی داعش لەنێوبردرا. لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە “بەداخەوە، لەمیانی ئەو ئۆپەڕاسیۆنە سەرکەوتووەدا پێشمەرگەیەکی ئازاو قارەمان بە ناوی (ن.ض. د٦ /هاوار ڕۆستم) لەفەوجی ٢ی لیوای ۱۷ پیادە بۆمبێکی چێنراوی پێدا تەقیوە و بریندار بوو، ئێستا باری تەندروستیی پێشمەرگەکە جێگرە و چارەسەری بۆ کراوە”. هێزەکانی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسێۆنەدا، کێوماڵێکی وردی گوندەکانی (شۆراو، دەراجە، بەلەکەی سەروو، بەلەکەی خواروو، دۆڵی گولم کەوە، گوندی قۆری چایی) لە میحوەری دووی قەرەتەپە کرد. وەزارەتی پێشمەرگە روونیشی کردووەتوە لەم ئۆپەڕاسیۆنەدا ،هیچ رووبەڕووبوونەوەیەکی راستەوخۆ، لە نێوان پێشمەرگە و پاشماوەی چەکدارانی داعش درووست نەبوو و لە میحوەری دووی قەرەتەپەوە (لیوای ١٧ی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و چەند یەکەیەکی هێزەکانی یەکەی (٧٠)، بەشدارییان تێدا کرد.