ئایا نەخۆشییەكەی شێف بوراك كوشندەیە؟

(شێف بوراك)، ناوی ڕاستەقینەی بوراك ئۆزدەمیرە، ئەو كەسایەتییەی بە دروستكردنی خواردنی جۆراوجۆر و بڵاوكردنەوەی لە سۆشیال میدیا، سەرنجی جیهانی بۆ لای خۆی ڕاكێشاوە. چەند ڕۆژێك بەر لە ئێستا، شێف بوراك، وێنەیەكی خۆی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاو كردەوە كە لە نەخۆشخانەیە و جلی چوونە ژووری نەشتەرگەری لەبەردایە، ئەم وێنەیە چەندین دەنگۆی بەدوای خۆیدا هێنا، تەنانەت باس لە مردنیشی كرا. ئاژانسی (باسنیوز) بەدواداچوونی بۆ ئەو بابەتە كرد و گەیشتە ئەو ڕاستییەی كە هەموو ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی شێف بوراكەوە بڵاو كراوەتەوە، دوورە لە ڕاستی، كەواتە ڕاستییەكەی چییە و بوراك چی لێ بەسەر هاتووە؟ سەرەتا پێویستە باس لە هەڵوێست و گوتەی شێف بوراك خۆی بكەین لەبارەی نەخۆشبوونی، ئەو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی: ”سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە دوعای خێریان بۆ كردووم، باری تەندروستیم خراپ نییە، تكایە بڕوا بە هەواڵی بێبنەما مەكەن و سوپاس كە ئێوە هەن”. ئاژانسی (CZN) بەشی توركی بڵاوی كردووەتەوە، شێف بوراك بەتایبەت لەبارەی نەخۆشییەكەی وەڵامی داونەتەوە و گوتوویەتی: ”ئەوەی هەیە، چاودێریكردنێكی پزیشكیی زۆر زۆر بچووكە و هیچی تر، باری تەندروستیم لەجێی خۆیەتی”. ڕۆژنامەی (ئاكشام)ی توركیش بە هەمان شێوە، هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەكاتەوە كە لەبارەی خراپیی ڕەوشی تەندروستیی شێف بوراكەوە باس كراوە و دەڵێت، باری تەندروستیی زۆر باشە و هیچ كێشەیەكی نییە. شێف بوراك، لە 24/3/1994 لە ئیسته‌نبوڵ لەدایك بووە و خاوەنی ڕێستوڕانتی تایبەت بە خۆیەتی و چه‌ند لقێكی كردووەتەوە. كاتێك خواردن دروست دەكات و لە سۆشیال میدیا بڵاوی دەكاتەوە، بە ملیۆنان كەس دەیبینێت و ناویان لێ ناوە (شێفە دەم بەخەندەكە)، چونكە بەردەوام لەگەڵ چێشتلێناندا پێدەكەنێت. هۆكاری بەناوبانگبوونی شێف بوراك، بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكانی لە سۆشیال میدیا، بۆیە لەو ڕێگەیەوە لە چەندین وڵات داوای لێ كراوە ڕێستورانت بكاتەوە.