ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی ئینجاز هۆشداریی دا لە كودەتای سپی، كە مەبەستی لەو کودتایە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقە و گوتیشی، لەو حاڵەتەدا ئەگەر ئەنجامەكان لەیەك نزیك بن، پشێوی و بێسەروبەری لێ دەكەوێـتەوە و تەنگژەی تازە دێتە ئاراوە. باقر جهبر زوبەیدی، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی ئینجاز، به مێدیاكانی ڕاگهیاند: تەنگژەی سیاسی بەردەوامە و تاكوو ئێستاش تێڕوانینێكی ڕاستەقینە نییە بۆ چارەسەری ناكۆكییەكان، ئەوەش وای كردووە دامودەزگەكانی حكوومەت سەروەرییان نەمێنێت، لەو بارەیەشەوە، چەندین جار هۆشداریمان داوە. گوتیشی: بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان كەوتووە، هەندێك لایەن هەوڵی دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن دەدەن و پێیان وایە هەڵبژاردنی پێشوو ساختەی تێدا كراوە، بەڵام ئەوەش چارەسەر نییە، چونكە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان تەنگژە و كێشەی تازە دەهێنێتە پێشەوە، بۆیە نابێت هیچ لایەنێك گرەو لەسەر ئەو پرسە بكات، چونكە هیچ گرەنتیەك نییە كە ئەو سیناریۆ سیاسییەی ئێستا لە ئارادایە، دووبارە نەبنەوە.
هۆشداری له كودهتای سپی له عێراقدا دهدرێت
