نزیكەی ماوەی دوو هەفتەیە پەرلەمانی عێراق خەریكی تاوتوێكردنی پرۆژەیاسایەكی تایبەت بە قەدەغەكردنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییە لەگەڵ ئیسرائیل و بڕیارە هەفتەی داهاتووش بۆ دەنگدان لەسەر هەمان پرۆژەیاسا كۆبێتەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق بڵاوی كردەوە سەرۆكایەتی پەرلەمان ڕۆژانی یەكشەممە، دووشەممە و سێشەممەی داهاتووی تەرخان كردووە بۆ تاوتوێكردن و دەنگدان لەسەر چەند پرۆژەیاسایەك، لەناویشیاندا دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای قەدەغەكردنی ئاساییكردنەوە و دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل. بەپێی سەرچاوەكە، حاكم زاملی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەفتەی داهاتووی تەرخان كردووە بۆ كاركردن لەسەر چەند پرۆژەیاسایەك و لەوانەش ڕۆژێكی تەرخان كردووە بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای قەدەغەكردنی ئاساییكردنەوە و دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل.