ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. 25 دووکانی بازاڕی لەنگەی سنە سووتان

بەڕێوەبەری ڕێکخراوی بەرگریی شارستانیی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە میدیاکانی ئێرانی ڕاگەیاند، کاتژمێر 1:00ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، پێنجشەممە 19/5/2022 لە بازاڕی لەنگە (تاناکۆڕا)ی شاری سنە ئاگر کەوتەوە و بوو بەهۆی سووتانی 25 دووکانی بازاڕەکە. سوهەیل فەزڵوەزیری، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی بەرگریی شارستانیی پارێزگای سنە، باسی لەوەش کردووە کە ئاگرەکە لە دەرگای چوونە ژوورەوەی بازاڕەکە و لە نزیک قوتابخانەیەک هاوکات لە چەند شوێنێکەوە دەستی پێ کردووە و 25 دووکانی سەر شۆستەی بەردەم بازاڕەکە سووتاون.   ئاماژەی بەوەش داوە کە کاتژمێر 2:50ی بەرەبەیانی بە هەوڵی 24 فەرمانبەری بەرگریی شارستانی لە چوارچێوەی هەشت ئیکیپدا ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە و ڕێیان نەداوە بەشەکانی دیکەی بازاڕەکە بگرێتەوە.