مستهفا كازمی، سهرۆكوەزیرانی عێراق، لە میانەی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەمیندارییەتی بەغدا، رەخنەی توندی لە بەرپرسانی پایتەختی عێراق گرت و لەمیانەدا پێی گوتن ئێوە نافوورەکەی خۆتان پێچاک ناکرێتەوە کە چەند مەترێک لێتان دوورە،دەبێ حاڵی ناوچەکە دوورەکان چۆن بێت؟. له گوتارهكێکیدا، كازمی نیگەرانی لەبەرامبەر بەرپرسانی پارێزگای بەغدا دەربڕی و رایگەیاند، ئەمیندارێتی بەغدا گومانی زۆری لەسەرە، دەبیستم هیچ مامەڵەیەک بەڕێناکرێت ئەگەر بەرتیل نەدرێت. گوتیشی: “ئەو پلانەی لە بەغدا جێبەجێدەکرێت پلانێکی هەڕەمەکییە، پلانی خاوەن ههژموون و گەندەڵکارانە”. ئاماژهی بهوهشدا، بەرپرسانی ئەمنی، تەندروستی و خزمەتگوزاری لە بەغدا لە بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیان کەمتەرخەمن و نەیانتوانیوە خزمەتی ئەو شارە و دانیشتوانەکەی بکەن. لهو بارهیهوه گوتی: “ئەو بەغدایەی ئەمڕۆ پێیدا هاتم و رۆژانە جووڵەی تێدەکەین، لە راستیدا دەبێتە هۆکاری ئازار و ئێشێکی زۆر بۆ من، دەبینم پایتەخت و شارە خۆشەویستەکەمان بەو بارودۆخە خراپە کە شایستەی شار و دانیشتوانەکەی نییە، هەروەها لایەقی بەرپرسانیشی نییە، پێویستە بزانین چۆن ئەو پایتەختە هەڵسێنینەوە”. ههروهها گوتی: “زۆر دڵگرانم، کە شتی هەرەمەکی دەبینم، لە بەغدا قەرەباڵغی بێ بیانوو دەبینم، دڵگرانم کە پلانی بیناسازی لە بەغدا بەبێ هیچ نەخشە رێگایەک ئەنجامدەدرێت، زۆرینەی پرۆژەکانی وەبەرهێنان، کە لە بەغدا جێبەجێ دەکرێن، وەک پرۆژەی هەرەمەکی دەیانبینم، ئەوە پلانێکی هەرەمەکییە، پلانی خاوەن ههژموونهکانە، پلانی گەندەڵکارانە. ماقوڵ نییە لە بەغدا نرخی یەک مەتر زەوی بگاتە پازدە هەزار دۆلار، ئەوە تەنیا لە بەرژەوەندی چینێکی دیاریکراوە، لەسەر حسابی زۆرینەی خەڵک”. سەرۆک وەزیرانی عێراق بە راشکاوی ئاماژەی بەوەدا، کە سەرەڕای بودجەی زۆر بۆ خزمەتکردنی بەغدا، بەڵام ئەو شارە بێ خزمەتگوزارییە و گەندەڵی زۆر هەیە و هاووڵاتییان بەبێ پێدانی بەرتیل کارەکانیان راییناکرێت. راشیگەیاند: “بەراشکاوییەوە دەیڵێم، کە لە ماڵەوە هاتم، ئەو بەغدادەی دەیبینم لەو بەغدایە ناچێت کە ئێمە دەمانناسی، پشێوی هەرەمەکی و پیسی ، ئەوە شایستەی پایتەختێک نییە کە لانکەی شارستانییەت بووبێت، شایستەی دانیشتوانی بەغداش نییە”. له بهشێكی دیكهی گوتارهكهیدا، مستهفا كازمی جهختیكردهوه، پێویستە زۆر بەڕاشکاوی قسە بکەین، ئەمینداریەتی بەغدا گومانی زۆری لەسەرە، زۆر بەداخەوە لە هاووڵاتییان دەبیستم کە هیچ مامەڵەیەک بەڕێناکرێت ئەگەر بەرتیل نەدرێت، ئەوە لایەقی ئێمە نییە، لایەقی ئێوەش نییە، زۆر شەرمەزارکەرە، کە رەمزی پایتەخت بەوجۆرە ناویبهێنرێت، پێویستە لەسەر بەڕێوەبەرە گشتییەکان، سەرۆکی شارەوانییەکان، ئەرک و مافتان لەسەرە، ئەو مافانەی وەریدەگرن لەبەرامبەر ئەو ئەرکانەیە، کە پێتان دەسپێردرێت، لەنێویشیاندا نەخشەڕێگەی ئەمینداری بەغدایە، بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان بەداخەوە، کە ئەو قسانە دەبیستم و برینداریشمان دەکات”. ههر لهو میانهیهدا، مستەفا کازمی رەخنەی لەکارەکانی ئەمیندارێتی بەغدا گرت و پێیڕاگەیاندن، لەکاتێکدا ئەوان نەتوانن نافورەی باڵەخانەکەیان چاکبکەنەوە چۆن دەتوانن خزمەتی خەڵک بکەن. كازمی گوتی: “زۆر بەداخم، کە هاتمە ناو ئەمینداری بەغدا، نافورەکەتان دەبینم، کە شایستە نییە بەو ناوە گەورەیە، نافورەکە چەند مەترێک لێرە دوورە، شوێنێکی زۆر دوور نییە، دەبێ حاڵی ناوچە دوورەکان چۆن بێت”. گوتیشی: “باشترە کار بکەین لەوەی خەڵک رەخنەمان لێبگرێت و جنێومان پێبدات، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری، ئەگەر خزمەتگوزاری هەبێت خەڵک پەسنتان دەدەن و بەباشە ناوتان دەهێنن”. له تهوهرێكی دیكهی وتارهكهیدا كازمی باسی له پرسی ئەمنییەت و کاری بازگەکان لە بەغدا كرد و ئەو لە قسەکانیدا بازگەکانی بە مایهی ئازاردانی خەڵک لەبری خزمەتکردنیان تۆمەتبار کرد. لهو بارهیهوه گوتی: “دیاردەی قەرەباڵغی شەقامەکان لەبەغدا قبوڵکراو نییە، داواشم کردوە فەرماندە ئەمنییەکان لێرەبون، چوونکە بازگەکان لەجیاتی هەبوونی کاریگەری ئەمنی و بوونیان، بوونەتە رێگر. خەڵک لەوە ئازار دەکێشن”. راشیگەیاند: “نیشانەکانی هاتووچۆ، ماقوڵه نیوەیان کارناکەن لە بەغدا، چۆن خەڵك متمانەی بە هاتووچۆ دەبێت، چۆن خەڵک متمانەی بە یاسا دەبێت، کە دەبینێت دەوڵەت کەمتەرخەمە”. لەبارەی قەرەباڵغی ناو بەغدا و بوونی ترافیک سەرۆک وەزیران داوایکرد، رێگایەک لە دەوروبەری بەغدا دروستبکرێت. لهو بارهیهوه وتی: بەغداد بووەتە شاری کۆنکریت، بەخوا گەورەترین تاوان لە بەغدا روویداوە، لە فڕۆکەخانەی موسەنا رەزامەندی دراوە ئەو باڵەخانە ناشیاوانە دروستکراون، ئومێدم بوو ئەو ناوچەیە بکەنە سەوزایی، پێویستە کاربکەین بۆ دروستکردنی رێگایەک لە دەوربەری بەغدا، ئەوە زۆر گرنگە و قەرەباڵغی کەمدەکاتەوە، پێویستە بە زووترین کات کاری لەسەر بکەین، ئەو ناوچانەشی کە کێشەیان نییە با دەستپێبکەین”.