مەسرور بارزانی لە دیدار و كۆبوونەوەكانی داڤۆس چەند پرسێكی گرنگ تاوتوێ دەكات

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم هەفتەیەدا بەشداری لە لوتكەی ساڵانەی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی دەكات كە لە داڤۆسی سویسڕا بەڕێوە دەچێت. بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، سەرۆكی حكوومەت لە كۆبوونەوە و پەیوەندییەكانیدا لەگەڵ سەركردە سیاسی و بازرگانییەكان، ئەمانەی خوارەوە تاوتوێ دەكات: – هەمەچەشنكردنی ئابووری، بە گرنگیدان بە خزمەتگوزارییە بانكییەكان، هەروەها دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی كوردستان، لەگەڵ دەرفەت بۆ ڕێڕەوی بازرگانی ناوچەیی لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە. – وەبەرهێنان لە بواری كانزا و نەوت و گاز و وزەی نوێبووەوە. – پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەكانی عێراق و ناوچەكە، لەوانەش هەوڵدان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لە عێراق. پێشتر (باسنیوز) بڵاوی كردەوە كە ڕۆژی سێشەممە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی چالاكییەكانی كۆڕبەندەكەدا، بەشداری لە بانێڵێكدا دەكات بە ناونیشانی (پێكهاتەیەكی نوێی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا).