مەسرور بارزانی: خۆشحاڵم‌ بۆ گەیاندنی دەنگی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە داڤۆسم

ئەمشەوی یەكشەممە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە داڤۆس و لەمبارەیەوە رای گەیاند خۆشحاڵە لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆسە بۆ گه‌یاندنی دەنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. سەرۆكی حكوومەت لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی “فەیسبووك” بڵاوی كردەوە “خۆشحاڵم‌ لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆسم بۆ گه‌یاندنی دەنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئالوگۆڕکردنی بیروڕا لەسەر پرسە جیهانییەکان”. ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووریی داڤۆس، گەیشتە سویسرا. مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوشانی سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ی وڵاتانی جیهان له‌ كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهانی داڤۆس به‌شدار ده‌بێت و روانگه‌ ستراتیژییه‌كانی بۆ پێشخستنی ئاسایش و سه‌قامگیری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و گرتنه‌به‌ری رێی كرانه‌وه‌ به‌ رووی بازاڕی جیهانیدا ده‌خاته‌ڕوو. لەمبارەیەوە نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی حكوومه‌ت، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاوی كردبووە‌وه‌، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شداری له‌ پانێلێكی تایبه‌تدا به‌ ناونیشانی “پێكهاته‌یه‌كی نوێی ئاسایش له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا” ده‌كات. دوای ئه‌و به‌شدارییه‌ی، مه‌سرور بارزانی، چه‌ندین دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسه‌ باڵاكان، خاوه‌نكار، ئابووریناسانی جیهانی ده‌بێت.