چوار پرۆژەی کارەبا لە چۆمان جێبەجێ دەکرێن

 بڕیارە وەزارەتی کارەبا، لە ڕێوڕه‌سم بەردی بناغەی چوار پرۆژەی نوێی کارەبا دابنێت و لە ماوەی 300 ڕۆژدا جێبەجێ بکرێت. ئەمڕۆ 22/5/2022 وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە کە بەم نزیکانە چوار پرۆژەی کارەبا بە گوژمەی نزیکەی 13 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی کارەبا، ئاماژەی بە وردەکارییەکانی ئەو پرۆژانە و شوێن و شێوازی جێبەجێکردنیان داوە کە بریتین لە: بنیاتنانی هێڵی 132 کەی ڤیی سۆران2 – چۆمان بە درێژایی (45 کیلۆمەتر)، هەروەها بنیاتنانی هێڵی 33 کەی ڤیی چۆمان – حاجی ئۆمەران بە درێژایی (20 کیلۆمەتر)، پرۆژەیەکی دیکەیان بریتییە لە دابینکردنی وێستگەی مۆبایلی 132/33 کەی ڤیی چۆمان بە قەبارەی 45MVA ، هەروەها دابینکردنی وێستگەی مۆبایلی 33/11 کەی ڤیی حاجی ئۆمەران بە قەبارەی 25MVA. ئەم چوار پرۆژەیە بە بەهای (12,995,000,000) دینار لە لایەن کۆمپانیای هێرۆوە لە ماوەی 300 ڕۆژدا جێبەجێ دەکرێن. بڕیار وایە ڕۆژی دووشەممە 23/5/2022 لە قەزای چۆمان، بە ئامادەبوونی وەزیری کارەبا و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران مەراسیمی دانانی بەردی بناغە بۆ هەر چوار پرۆژەکە بە ڕێوە بچێت.