کەشناسێک لەبارەی هاتنی شەپۆلێکی دیکەی خۆڵبارین چی دەڵێت؟

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشكرای كرد، تا ماوەیەکی زۆر ئەگەری ھاتنی شەپۆلی خۆڵبارین لە ئارادا نییە و جەختیشی كردەوە شەپۆڵی ئێستای خۆڵبارین سبەی كۆتایی پێدێت. ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: “سبەی چوارشەمە ٢٥ی ئایار ئاسمانی ھەرێمی كوردستان بەزۆری ساماڵ و کەمێک پەڵە ھەوری ئەبێت لەناوچەکانی سنوری پارێزگای دھۆک، ھەولێر و ئیدارەی راپەرین بەگشتی خۆڵبارین کاتەکانی بەرەبەیان کۆتای پێدێت و لەناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، کەرکووک، ھەڵەبجە و سنووری ئیدارەی گەرمیان تا کاتەکانی ئێوارە تۆز و خۆڵێکی کەم بۆ مامناوەند لە ھەوادا دەمێنێتەوە و لەشەودا لەم ناوچانەش بەیەکجاری کۆتایی پێدێت و ئاسمانی ھەرێمی كوردستان ساماڵ و ڕوون دەبێتەوە”. ئاشكراشی كردووە، پلەکانی گەرما زیاتر بە جێگیری دەمێننەوە و خێرایی با کاتەکانی نیوەرۆ بۆ ئێوارە بەشێوەیەکی مامناوەند بۆ نیمچە بەھێز چالاک دەبێت، گوتیشی: “خێرایی با ١٥ تاوەكوو ٤٠ کیلۆمەتر لە كاتژمێرێكدا لە ئاراستەی باشوری رۆژئاواوە، لەکاتەکانی شەودا ئاراستەی با لەناوچە شاخاویەکانەوە دەگۆرێت بۆ باکووری رۆژھەڵات بەخێرایی ١٠ تاوەكوو ٢٥ كیلۆمەتر لە كاتژمێرێك دەبێت”. سەبارەت بەو دەنگۆیەی ھەیە گوایە “ھەفتەی ئایندە شەپۆلی دیکەی خۆڵبارین ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە”، شارەزایەکەی بواری کەشناسی گوتی: “بەگشتی ئەو دەنگۆیانە دوورن لەراستییەوە، تاوەكوو ماوەیەکی زۆر و نادیار ئەگەری ھاتنی شەپۆلی خۆڵبارین لە ئارادا نییە”. ماوەی دوو رۆژە شەپۆڵێكی چڕی خۆڵبارین عێراق و هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە، بەجۆرێك لە داموو دەزگاكانی حكوومەتی عێراق رۆژی دووشەممە كرایە پشووی فەرمی و ئەمڕۆ سێشەممەش لە پارێزگای هەڵەبجە بەهۆی خۆڵبارینەوە كرایە پشووی فەرمی. لە سەرەتای وەرزی بەهاری ئەمساڵەوە، خۆڵبارین لە عێراقدا بەڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، ئەمەش كێشەیەكی گەورەی تەندروستی دروست كردووە، لەمبارەیەوە حەمید نایف گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق رایگەیاند: “هەرچەندە شەپۆلەكانی خۆڵبارینی ئەم دواییە لە رۆژهەڵاتی كیشوەری ئەفریقیاوە هەڵیانكردبوو، بەڵام لە راستیدا چەندین هۆكاری هەن وا لە عێراق دەكەن زۆر بە خراپی كاریگەر بێت بەم شەپۆلانەی خۆڵبارینەوە، بەتایبەتییش كە لە عێراقدا كەمترین پشتێنەی سەوزایی و رووپۆشی كشتوكاڵی هەیە، هەروەها وشكەساڵی و وشكبوونەوەی سەرچاوەكانی ئاویش، كاریگەریی گەورەیان هەیە”.