تەندروستیی جیهانی دواهەمین هەڵوێستی لەبارەی ئاوڵەی مەیموونەوە ڕاگەیاند

ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرپرسێكی باڵای ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئاوڵەی مەیموونەوە ڕای گەیاند كە ئەم ئاوڵەیە وەكو پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا نییە و نابێت بە پەتایەكی جیهانی. عەبدولناسر ئەبوبەكر بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆپاراستن لە مەترسییەكانی پەتا لە ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی دووپاتی كردەوە كە تا ئێستا تەنها 157 كەس بە فەرمی پشتڕاست كراوەتەوە كە تووشی ئاوڵەی مەیموون بوون، بەڵام ئەم ئاوڵەیە نابێت بە پەتایەكی جیهانی. گوتیشی تا ئێستا نەخۆشی ئاوڵەی مەیموون نەگۆڕاوە و ناشبێت بە پەتای جیهانی، تەنها ئەوەندە نەبێت كە لە جیهاندا بە شێوەیەكی سنووردار بڵاو بووەتەوە و ئێستا لە هەوڵی ئەوەدان هۆكاری ئەم بڵاوبوونەوەیە بدۆزنەوە. جێی باسە تا دوێنێ لە جیهاندا 157 كەس تووشی ئاوڵەی مەیموون بوون و لەم ژمارەیەشدا تەنها یەك كەس لە ئیمارات لە سنووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تووشی ئاوڵەكە بووە.