سلێمانی.. ئاگر لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت کەوتەوە

ئەمشەو ئاگر لە نەخۆشخانەیەکى تایبەت لەنێو شارى سلێمانى ئاگر کەوتەوە و بەو هۆیەوە نەخۆشخانەکە چۆڵ کرا. دیار ئیبراهیم،بەڕێوەبەرى بەرگریى شارستانیى سلێمانى لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “ئاگرەکە بەهۆى مۆلیدەى نەخۆشخانەى (ئینتەرناسیۆناڵ) بووە و دواى ئاگادارکردنەوەمان دەست بەجێ گەیشتینە شوێنى ڕووداوەکە کۆنتڕۆڵمان کرد. گوتیشى: “خۆشبەختانە ئاگرەکە جگە لە زیانى دارایی هیچ زیانێکی گیانى لێ نەکەوتەوە تەنیا دوو کارمەندى بەرگریى شارستانى تەنگەنەفەس بوون و چارەسەرى پێویستیش بۆ ئەوان کراوە”. باسى لەوەش کرد دواى ڕووداوەکە تەواوى نەخۆشەکانى نەخۆشخانەکە هێندراونەتە دەرەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکى دیکە و نەخۆشخانەکە داخراوە و لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە دەستى پێکردووە.