شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایکرد کە لەسبەینێوە لە ئەنجامی زیادبوونی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی گەرما لەسەر ناوچەکە پلەکانی گەرما زیاتر بەرز دەبێتەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە 2/6/2022، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند: “لە سبەینێوە لە ئەنجامی زیادبوونی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی گەرما لەسەر ناوچەکە پلەکانی گەرما بەرێژەی 1 پلەی سیلیزی بەڕاورد بە ئەمڕۆ بەرزتر دەبنەوە و بەشێوەیەک کە لەسەنتەری پارێزگاکانی ( ھەولێر 43 بە 29 پلە، سلێمانی 41 بە 28، دھۆک 42 بە 28 پلە، ھەڵەبجە 41 بە 27 پلە، کەرکووک 45 بە 32 پلە) لەناوچەکانی گەرمیان 46 بە 31 پلە، لە سنوری ئیدارەی راپەرین 41 بە 28 پلە و لە سنوری ئیدارەی سۆرانیش 39 بە 27 پلە دەبێت”. ئەوەشی خستووەتە روو: “خێرایی ئاراستە بای باکووری رۆژھەڵات لەکاتەکانی شەودا لە سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و ناوچە شاخاوییەکانی رۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر بە چالاکی دەمێنێتەوە بەخێرای 10 تا 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و کاریگەری ئەم ئاراستەی بایە لە بەرەبەیانی رۆژی شەممەدا کۆتایی پێ دێت”.