دوو فەرمانبەری زانكۆی سۆران ڕوفاتی قوربانییەكی جەنگی عێراق و ئێران دەدۆزنەوە. قوربانییەكە هاونیشتیمانییەكی مەسیحی بووە و ساڵی 1979 لە ناوچەی قەرەداغی سلێمانی مامۆستا بووە و ڕادەستی كەسوكاری كراوەتەوە. ئیدریس و مەهدی محەمەد پیرۆت دوو بران كە لە بەشی پێترۆلیۆم جیۆساینسی فاكەڵتیی زانست فەرمانبەرن، لە دۆزینەوە و گەڕاندنەوەی ڕوفاتی قوربانییەكە هاوكار بوون. دۆزینەوەی ڕوفاتەكە لە دوای ئەوەوە هات كە مەهدی لەگەڵ چەند خزمێكی لە یەكێك لە كێڵگەكانی ناوچەی حاجی ئۆمەرانی سەر بە قەزای چۆمان كاری هەرەوەزی دەكەن، لە كاتی كاركردنیدا ڕوفاتێك دەدۆزنەوه. ئیسك و پروسك و جلوبەرگ و ناسنامەی ڕوفاتەكە دەردەخەن و پاشان زیاتر دەگەڕێن و ناسنامەی قوربانییەكە دەدۆزنەوە. بەپێی راگەیەندراوێكی ڕاگەیاندنی زانكۆی سۆران قوربانییەكە ناوی موسا جەرجیس ئاكۆ بووە، هاونیشتیمانییەكی مەسیحی بووە. بەگوێرەی ناسنامەكەی، ساڵی 1979 لە ناوچەی قەرەداغی سلێمانی لە قوتابخانەی (سولە) مامۆستا بووە. دواتر لە جەنگی عێراق – ئێران، لە ناوچەی حاجی ئۆمەران بووەتە قوربانی و چووەتە ڕیزی ئەو هەزاران قوربانییەی كە بوونەتە سوتماكی جەنگ و قوربانیی دیكتاتۆر و ڕژێمە شەڕخوازەكان.
دوو فەرمانبەری زانكۆی سۆران هاوكاری گەڕاندنەوەی ڕوفاتی قوربانییەكی جەنگی عێراق و ئێران دەكەن
