رێبەر ئەحمەد: هێرشەکەی ئەمشەو بۆ سەر شوێنێکی گشتی ئەنجام دراوە و خەڵکی سڤیل زیانیان بەرکەوتووە

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەریی د. سامان بەرزنجی ، وەزیری تەندروستی بریندارەکانی تەقینەوەکەی ئەمشەوی شاری هەولێریان لە نەخۆشخانەی ئیمێرجنسی بەسەرکردەوە. لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی رایگەیاند: “ئێمە بە ناوی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاتووین بۆ سەردانی ئەو بریندارانەی کە لە ئەنجامی ئەم رووداوەی ئەمشەو بریندار بوونە، خەڵکی سڤیلن و لە کاتی هاتوچۆی خۆیان بەرکەوتوون بەداخەوە جارێکی تر لە رێگەی فرۆکەی بێ فرۆکەوان هێرش ئەنجام درا و هێرشەکە بۆ سەر شەقامێکە و چەند ئۆتۆمبێلێک زیانیان بەر کەوتووە و چەند کەسێکیش بریندار بوون کە ئێستا لەژێر چارەسری پزیشکین”. گوتیشی: “ئەم رووداوانە چەندین جارە دووبارە دەبێتەوە لەلایەن چەند گرووپێک کە لە یاسا بەدەرن و چەند جارێکی دیکە هەڕەشەیان کردووە کە هەولێر دەکەنە ئامانج دەزگا ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە سەبارەت بە رووداوەکە”. لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری(باسنیوز) سەبارەت بە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە، رێبەر ئەحمەد گوتی: “مەسرور بارزانی،سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە هێرشەکەی ئەمشەوی سەر هەولێر ئەنجام داوە بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوانە هەروەها بۆ ئەوەی سەرچاوەی هێرشەکە بدۆزرێتەوە و لێکۆڵینەوە بکرێت”. راشیگەیاند: “ئێمە نازانین ئامانجی هێرشەکە کوێ بووە، بەڵام ئەو شوێنە شوێنێکی سڤیل بووە و خەڵکی سڤیل زیانی بەرکەوتووە و چەند ئۆتۆمبێلێک زیانیان بەرکەوتووە و سێ هاووڵاتیش زامدار بوونە”.