ئەمڕۆ سێشەممە خانمە وەزیری یەكەمی سكۆتلاند رای گەیاند هەڵمەتێكی نوێ بۆ داواكردنی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەستپێدەكەن لەپێناو جیاكردنەوەی سكۆتلاند لە بەریتانیا. ئەمڕۆ نیكۆلا ستیرگین وەزیری یەكەمی سكۆتلاند لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە نووسینگەی خۆی لە ئەدنبرەی پایتەختی سكۆتلاند، دووپاتی كردەوە كە دوای هەموو ڕووداوەكان و بەتایبەتییش جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەورووپا، ئێستا كاتی ئەوەیە روانگەیەكی جیاواز و باشترمان هەبێت. ئاماژەشی بەوەدا كە ئایا دۆخی ئابووریی وڵاتەكەیان دوای جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەورووپا، بەرەو خراپی دەچێت یان باشی؟ راستییەكەی ئەوەیە كە پێدەچێت رووەو خراپی بچێت، بۆیە باشتر نییە كە سكۆتلاند بە گەشبینی و هیواوە روو لە ئەزموونی وڵاتانی تری یەكێتیی ئەورووپا بكات؟ جێی باسە ئەم داوایەی نیكۆلا ستیرگین دەنگدانەوەیەكی گەورەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وڵاتەكەی لێ كەوتووەتەوە، بەڵام بڕیاری كۆتایی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، پێویستی بە رەزامەندی بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا هەیە و لەمبارەیەوە ستیرگین داوای لێ كردووە رەزامەندی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی دەربڕێت. گەلی سكۆتلاند ساڵی 2014 ریفراندۆمێكیان بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە بەریتانیا ئەنجام دا، بەڵام زیاتر لە نیوەی سكۆتلەندییەكان دەنگیان بۆ مانەوە لە چوارچێوەی بەریتانیا دا، بەهۆی ئەوەی بەریتانیا بەشێك بوو لە یەكێتیی ئەورووپا، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت ئەمجارە، گەلی سكۆتلاند بڕیاری جیابوونەوە بدەن.