شەپۆلێکی گەرمای بەهێز بەڕێوەیە

شارەزایەکی بواری کەشناسی ئاشکرایکرد لە چەند رۆژی داهاتوو پلەکانی گەرما بەڕێژەیەکی بەرچاو روو لە بەرزبوونەوە دەکات لە 50 پلەی سەدی نزیک دەبێتەوە. ئەمرۆ چوارشەممە 15/6/2022، ئاراس جەبار، شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند: لەماوەی رۆژانی ڕابردوودا تا ئەمڕۆ لە ئەنجامی مانەوەی بارستە ھەوایەکی فێنک لەسەر کەشی ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی پلەکانی گەرما بەزۆری لە خوار تێکڕای ئاساییەوە جێگیر بووە لە ئەنجامدا کەشێکی فێنک ڕووی کردە ناوچەکە لە سبەی پێنجشەممەوە 16/6/2022، کاریگەری ئەم بارستە ھەوا فێنکە سات بۆ سات لاواز دەبێت و لەسەر ناوچەکە نامێنێت. ئەوەشی خستووەتە روو کە لەرۆژی ھەینییەوە 17/6/2022، تاوەکوو رۆژی چوارشەمەی ھەفتەی ئایندە 22/6/2022، کەشی ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری کەشوھەوایەکی تا رادەیەک گەرمەوە کە بەراورد بەم ماوەیە بە نزیکەی 6 تا 8 پلەی سیلیزی پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە بەم شێوەیەی خوارەوە لەم ماوەیەدا کاریگەری لەسەر پارێزگاکانی ھەرێم و ناوچەکە دەبێت. لە سنووری سەنتەری پارێزگای ھەولێردا بەرزترین پلەکانی گەرما لەنێوان 42 بۆ 44 پلەی سیلیزیدا جێگیر دەبێت. لە سنووری سەنتەری پارێزگای سلێمانی لەنێوان 41 بۆ 42 پلە.لە سنووری سەنتەری پارێزگای دھۆک لەنێوان 42 بۆ 43 پلە.لەسنووری سەنتەری پارێزگای کەرکوک لەنێوان 44 بۆ 46 پلە.لەسنووری سەنتەری پارێزگای ھەڵەبجە لەنێوان 42 بۆ 43 پلە.لەسنووری ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان لەنێوان 45 بۆ 48 پلە.لەسنووری ئیدارەی راپەرین لەنێوان 42 بۆ 43 پلە.لەسنووری ئیدارەی سۆران لەنێوان 40 بۆ 41 پلە. ئاماژەشی بەوەداوە: “ئەم گەرمایە لەماوەی رۆژانی 22ی مانگ بۆ 25ی مانگ کەمێک کاریگەری کەم دەبێتەوە لەئەنجامی کاریگەری ھاتنی بارستە ھەوایەکی لاوازی فێنک لە دەریای ناوەراستەوە دوا بەدوای ئەوە شەپۆلێکی دیکەی گەرما لە 26ی مانگەوە ناوچەکە دەگرێتەوە و تا کۆتایی مانگ و سەرەتای مانگی داھاتوو دەخایەنێت کە تیایدا زیاتر پلەکانی گەرما بەرزدەبنەوە”.