ڕاپەڕین.. دروستکردنى کارگەیەکى شەکر لە وەبەرهێنەرێک وەردەگیرێتەوە

بەهۆى پابەندنەبوونى بە ڕێنوێنییەکانى دەستەى وەبەرهێنانەوە، دروستکردنى کارگەیەکى شەکر لە سنوورى ئیدارەى ڕاپەڕین لە وەبەرهێنەرێک وەرگیرایەوە‪.‬ بەڕێوەبەرایەتیى وەبەرهێنانى ڕاپەڕین لە ڕاگەیەندراوێکدا، کە وێنەیەکى دەست (باسنیوز) کەوتووە، ئاشکراى کردووە: “بەهۆى پابەندنەبوونى وەبەرهێنەرێک، کە مۆڵەتی دروستکردنى کارگەیەکى شەکرى لە ناوچەى گردجانى سنوورى ئیدارەى ڕاپەڕین پێدرابوو، کارەکەى لێسەندراوەتەوە”‪.‬ وەبەرهێنەرەکە تەنیا %1ى کارەکەى جێبەجێ کردووە و ئێستا هەر وەبەرهێنێک ئارەزووی هەبێت بۆ وەرگرتن و تەواوکردنی پڕۆژەکە لە ماوەی دیاریکراودا، لە ڕێگەی وەبەرهێنانەوە دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیى وەبەرهێنانى ڕاپەڕین بکات، بەو مەرجەى پێشووتر کار و چالاکیی وەبەرهێنانی هاوشێوەی هەبێت و لە کاتی پێشکەشکردنی داواکاری (پرۆپۆزەڵ، سیڤیی توانای دارایی خۆی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە) پێشکەش بکات.‬ بەپێى زانیارییەکانى (باسنیوز)، ئەو کارگەیە کارگەى شەکرى چەوەندەرە، کە پشت بە چەوەندەرى جووتیارانى ناوخۆ دەبەستێت و پڕۆژەیەکی (کشتوکاڵی و پیشەسازی)یە و بە سەرمایەی نزیکەى 115 ملیۆن دۆلار، لەسەر ڕووبەرى 100 دۆنم زەوى دروست دەكرێت.