پەرلەمانی ئۆکراینا میوزیک و كتێبی ڕووسی قەدەغە دەكات

پەرلەمانی ئۆکراینا، دوو پڕۆژەیاسای لەبارەی سنوورداركردنی ئەدەبیاتی ڕووسی و میوزیکی ڕووسی لە وڵاتەكەی پەسند كرد. لە كۆی 450 پەرلەمانتار، 303 پەرلەمانتار بە ”بەڵێ“ دەنگی داوە و تەنیا ماوە ڤلۆدیمێر زیلێنسكی، سەرۆك وەزیرانی ئۆکراینا ئیمزای لەسەر بكات و بەفەرمی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. لە پڕۆژەیاساكەدا هاتووە، میوزیکی ڕووسی و ئەدەبیاتەكەی بەتەواوی قەدەغە ناكرێت، بەڵام ئەو میوزیکانە دەگرێتەوە كە لە 1991ەوە هاووڵاتییانی ڕووسی لە ئۆکراینا بڵاویان كردووەتەوە. بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكاندا لەبارەی ئەو دوو پڕۆژەیاسایەدا بڵاو كراوەتەوە، ئەوانەی كە دەستبەرداری پاسپۆرتی ڕووسی نەبوون، هەروەها ئەو ڕووسانەی كە نەبوونەتە هاونیشتمانیی ئۆكراینی، بە هیچ شێوەیەك بۆیان نییە هیچ كتێبێك چاپ بكەن. ئۆلێكساندەر تكاچینكۆ، وەزیری كولتووری ئۆکراینا، ئاماژەی دا كە بەگەرمی پێشوازی لەو دوو پڕۆژەیاسایە دەكەن و ئامانجیانە كە هونەری بەرزی ئۆكراینی بەفراوانی زیندوو بكەنەوە و گرنگیی پێ بدەن. هەر بەگوێرەی پڕۆژەیاسایەكە، لە تەلەڤزیۆن، ڕادیۆ، شوێنی گشتی، هۆتێل، ڕێستۆرانت، قوتابخانە، سینەما، میوزیکی ڕووسی زۆر سنووردار دەكرێت و ئەو میوزیکە ڕووسییەی ئەوان مەبەستیان بێت لێی دەدرێت. پرۆژەیاسایەكە، تەنیا ئەو نووسەر و هونەرمەندە ڕووسیانە دەگرێتەوە، كە لەدوای ڕووخانی سۆڤیەت و سەربەخۆبوونی ئۆکراینا، لەڕووی ئەدەبیات و میوزیکەوە لە ئۆکراینا هەبوون، واتا ڕۆماننووسی بەناوبانگی ڕووسی و جیهانی دۆستۆفسكی و ئەوانەی هاوشانی ئەون ناگرێتەوە و كتێبەكانیان وەكوو خۆی دەمێنێتەوە. هەروەها لە پڕۆژەیاسایەكەدا هاتووە كە دەبێت لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنەكاندا، ڕێژەی لێدانی میوزیکی ئۆكراینی بۆ 40% بەرز بكرێتەوە، هەروەها ئەو بەرنامانەی سیاسین و گفتوگۆیان تێدایە، دەبێت 75%ی بە زمانی ئۆكراینی بێت. ئۆکراینا دەیەوێت ئاسەواری حوكمڕانیی ڕووسیا لە وڵاتەكەیدا بسڕێتەوە، بۆ ئەمەشیان بە بەرنامە و بەیاسا جێبەجێی دەكات. لە 2014، كۆمەڵێك هاووڵاتیی ناسیۆنالیست لە شاری هاركۆڤ كە دووەم گەورەترین شاری ئۆکراینایە، خۆپێشاندانیان كرد و پەیكەری لنینیان شكاند و گوتیان نابێت ئاسەواری ڕووسیا لەم وڵاتەدا بمێنێت.