ڕۆژهەڵاتی کوردستان.. بەندکراوێکی سیاسیی کورد لە زیندانی ورمێ لەسێدارە درا

فیرووز مووسالوو، بەندکراوی سیاسیی کورد کە تەمەنی 31 ساڵ و  خەڵکی شارۆچکەی کۆتۆل سەر بە شاری خۆی بوو، ڕۆژی دووشەممە بە شێوەی نهێنی و بەبێ ئاگاداریی پارێزەر و بنەماڵەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی پارێزگای ورمێ لەسێدارە درا. لەم بارەیەوە، ماڵپەڕی (ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ) ڕایگەیاند: ”فیرووز مووسالوو، بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە 20/6/2022 لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە درا”. ڕێکخراوی (هەنگاو) ئاماژەی بەوەش داوە کە دوو ڕۆژ پێشتر فیرووز موسالوو بە بیانووی دیتنی لیژنەیەکی دەزگای داد بە مەبەستی پێداچوونەوە بە دۆسیەکەیدا لە بەندی سیاسییەوە گوازراوەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە لەسێدارە دراوە. ڕێکخراوەکە وێڕای ئاماژە بەوەی کە دادگای پارێزگای ورمێ ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە، ئەوەیشی ئاشکرا کردووە کە ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران ئیزنیان نەداوە دۆسیەی فیرووز مووسالوو بۆ پێداچوونەوە ڕەوانەی دیوانی باڵای ئەو وڵاتە بکرێت.