ئەمڕۆ چوارشەممە ئافرەتێكی عەرەب كە بۆ گەشت سەردانی سنووری چۆمانی كردبوو، بە مەبەستی ڕزگارکردنی منداڵەکەی خۆی فڕێ دایە ناو ڕووباری چۆمان، لە ئەنجامدا منداڵەکەی رزگاری بوو و خۆی خنکا. بەیار محیەدین گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی سۆران بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، کاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 22-6-2022 ئاگادار کراینەوە بە بوونى رووداوێکى خنکان لە رووبارى چۆمان نزیک پردى حافیز، دەستبەجێ تیمى ئامادەباشى بنکەى بەرگریى شارستانیى خانەقا دەرچوون، بۆ شوێنى رووداو بەپێى راپۆرتى بنکەى ناوبراو بەر لەوەى بگەنە شوێنەکە، تەرمى قوربانیەکە لەلایەن هاووڵاتیان له ڕووبار دەرهێندراوە. ئاشکراشی کرد، خنکاوەکە ئافرەتێکی بە ڕەگەز عەرەب بووە بە ناوى (فەزا عەلى)، لەدایکبووى ساڵى 1979 بووە و دانیشتووى شاری رانیەن، بە مەبەستى گەشت و سەیران روویان لە سنووری قەزای چۆمان کردبوو. ئاماژەی بەوەش کرد كە دوای ئەوەی منداڵەکەى کەوتووەتە ناو رووبارەکەوە، ئەو بەمەبەستى رزگارکردنی خۆى فرێ داوەتە ناو ئاوەکە و خنکاوە، منداڵەکەشى رزگار کراوە.
ئافرەتە گەشتیارێکی عەرەب لە ڕووباری چۆمان خنکا
