بەلال کەریمی، وتەبێژی تاڵیبان لە ئەفغانستان لە تویتێکدا ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە چوار قەزای ویلایەتی پەکتیا ڕووی دا و دەیان هاووڵاتی کوژران و بریندار بوون و دەیان خانووش وێران بوون. ڕێکخراوی جیۆلۆجیی ئەمریکاش لەم بارەیەوە ڕایگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 22/6/2022 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.1 پلەی ڕێختەر لە نزیک شاری خوست لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان ڕووی داوە کە زیاتر لە 250 کوژراو و دەیان برینداری لێ کەوتووەتەوە. بەپێی ئەو وێنانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە، لە ویلایەتی پەکتیای ئەفغانستان زۆر خانوو وێران بوون. ناوەندی بوومەلەرزەزانیی ئەورووپا-دەریای ناوەڕاستیش لە تویتەری خۆیدا ڕایگەیاندووە، بێجگە لە کابولی پایتەخت و شارەکانی دیکەی ئەفغانستان ئەو بوومەلەرزەیە لە ناوچەیەکی بەرفرەوانی پاکستان تا هیندستانیش هەستی پێ کراوە. بەپێی زانیارییەکان بوومەلەرزەیەکی دیکەش بە گوڕی 5.3 پلەی ڕێختەر لە 60 کیلۆمەتریی قەزای مێهر لە پارێزگاری فارسی ئێران ڕووی داوە و هەواڵدەریی (ئیرنا)ی ئێران لەسەر زاری ناوەندی بوومەلەرزەزانیی زانکۆی تاران ڕایگەیاندووە، ئەو بوومەلەرزەیە بەندەری مەقام سەر بە ناحیەی شیبکوه لە قەزای بەندەرلەنگەی پارێزگای هورموزگانیشی لەراندووەتەوە. وتەبێژی تاڵیبان داوای لە هەموو ئاژانس و ڕێکخراوە کۆمەکبەخشەکان کردووە بۆ ڕێگری لە کارەساتی گەورەتر تیمەکانی خۆیان بنێرن بۆ ئەو ناوچەیەی بوومەلەرزە لێی داوە.