جارێ برینی سووتانی دارستانەكانی توركیا لە ساڵی 2021 سارێژ نەبووەتەوە كەچی لە مارماریست، دارستەكان دووبارە گڕیان گرتەوە و ماوەی دوو ڕۆژە بۆیان نەكوژاوەتەوە و بە هەزاران دار لەناوچوون و چەندین ماڵیش بووە بە خۆڵەمێش. ماوەی دوو ڕۆژە، دارستانەكانی چەند ناوچەیەكی سەر بە مارماریست ئاگریان تێبەر بووە، ئەگەرچی تا ئاستێكی باش کۆنترۆڵ كراوە، بەڵام دوای دوو ڕۆژ سووتان، هێشتان ئاگر لەو دارستانە هەیە و نەكووژاوەتەوە. وەزیری كشتوكاڵی توركیا ئاشكرای دەكات، لە ماوەی دوو ڕۆژی ئاگركەوتنەوە لەو دارستانە، 51 خانە سووتاوە و 151 كەسیشیان ڕزگار كردووە. واحید كیریشچی، وەزیری كشتوكاڵی توركیا قسەی بۆ میدیاكان كرد و ئاماژەی دا، توانیویانە ئاگرەكە کۆنترۆڵ بكەن، بەڵام بەهۆی بوونی ڕەشەبایەكی زۆر و گەرماوە، دووبارە ئاگرەكە سەری هەڵداوەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەكان، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا 200 هێكتار لە دارستانەكانی مارماریست سووتاون، بۆیە ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، بۆخۆی بەدواداچوون بۆ ئەو ڕووداوە دەكات و لەگەڵ وەزیری ناوخۆی توركیا بە هەلیكۆپتەر چاودێریی ئاگرەكەی كرد. تاوەكوو ئێستا نزیكەی 20 هەلیكۆپتەر و 14 فڕۆكە لە هەوڵدان تا ئاگرەكە کۆنترۆڵ بكەن و تا ئاستێكی زۆر کۆنترۆڵ كراوە، بەڵام ئەوەی نیگەرانیی لای خەڵك دروست كردووە، بۆچی وانەیان لە ساڵی پار وەرنەگرت و خۆیان بۆ ئاگرێكی لەو شێوەیە ئامادە نەكردبوو تا بەزوویی کۆنترۆڵی بكەن، نەك سەدان هێكتاری تر لە دارستان بسووتێت. پارەکە لە بەشێكی زۆری دارستانەكانی توركیا بە باكووری كوردستانیشەوە ئاگرێكی زۆر كەوتەوە، ئەو ئاگركەوتنەوەیە لە تەواوی میدیاكانی جیهان باسی لێوە كرا، چونكە بەهۆی ئەو ئاگرەوە 65%ی دارستانەكانی توركیا لەناوچوون و سووتان. مارماریست كە یەكێكە لە شارە هەرە خۆش و بەناوبانگەكانی جیهان بۆ گەشتیاری، بەهۆی سووتانی دارستانەكانەوە زیانێكی زۆر بەر كەرتی گەشتیاری ئەو شارە كەوت و بۆ ئەمساڵیش ئاگر بەرۆكی گرت و 200 هێكتاری لە دارستانەكان سووتاند. سولەیمان سویلو، وەزیری ناوخۆی توركیا دەڵێت: ئێمە لێكۆڵینەوە دەست پێ دەكەین، چونكە تاوەكوو ئێستا ڕوون نییە ئاخۆ سووتانی دارستانەكانی مارماریست سروشتیی بووە، یان دەستێكی لە پشتە، لە ماوەیەكی نزیكدا بۆ ڕای گشتی ڕوونی دەكەینەوە.
سووتانی دارستانەكانی توركیا دەستی پێ كردەوە
