بوومەلەرزەیەکی بەهێز بەندەرێکی باشووری ئێرانی لەرزاند

ئەمڕۆ شەممە 25/6/2022، هەواڵدەرییە فەرمییەکانی ئێران ڕایانگەیاند، کاتژمێر 8:07ی بەیانی بە کاتی ئێران بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.6 پلەی ڕێختەر بەندەری چارەک سەر بە قەزای بەندەرلەنگە لە پارێزگای هۆموزگانی لەرزاند. بەپێی زانیارییەکان بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 22 کیلۆمەتریی ئاستی زەوی لەنێو دەریا و لە نێوان بەندەرچارەک و دوورگەی کیش ڕووی داوە و لە شارەکانی بەندەرعەباس، بەندەرلەنگە و دوورگەی کیش بەتەواوی هەستی پێ کراوە. تا ئێستا سەبارەت بە زیانەکانی ئەو بوومەلەرزەیە هیچ زانیارییەکی فەرمی بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام عەباس نەورۆزی، جێگری بەڕێوەبەری شوێنەواری کولتووری، گەشتوگوزاری و پیشەسازییە دەستییەکانی پارێزگای هورموزگان بە هەواڵدەیی (ئیسنا)ی ڕاگەیاندووە کە بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەوە قەڵای ئال عەلی لە بەندەرچارک زیانی پێ گەیشتووە و لەسەدا 30ی ئەو قەڵایە ڕووخاوە.