سێ قوتابیی كورد لە پێشبڕكێیەكی جیهانیدا پلەی یەكەمیان بەدەست هێنا

سێ قوتابیی كورد لە زانكۆی سەڵاحەدین، لە پێشبڕكێی جیهانی ICTدا، پلەی یەكەمیان بەدەست هێنا. بە بەشداریی 85 وڵات، پێشبڕكێی نێودەوڵەتیی ICT – هەواوی بەڕێوەچوو، لەم پێشبڕكێیەدا سێ قوتابیی كۆلێژی ئەندازیاریی زانكۆی سەڵاحەدین-هەولێر بە ‌ناوەكانی ئەیمەن یوسف، محەمەد بوڕهان، ئەحمد محەمەد، بەسەرپەرشتیی د.ماردین عەبدولڵا، بەشێوەی ئۆنڵاین بەشدار بوون و توانیان پلەی یەكەم لەسەر ئاستی جیهان بەدەست بهێنن. لە پێشبڕكێی ICT – هەواویدا، 150 هەزار قوتابی لە دوو هەزار زانكۆ و پەیمانگا لە 85 وڵات بەشدارییان كردوو، ئامانجیش لەم پێشبڕكێیەدا دروستكردنی سەكۆیەكە بۆ قوتابیانی زانكۆ بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەكی تەندروست و ئەكادیمی پێشبڕكێ بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا زانیاری و لێهاتوویی لە بواری ICT بەرز بكەنەوە.