جارێكی تر لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ سەرۆکایەتی هەرێم کۆدەبنەوە

بڕیارە ئه‌مڕۆسێشەممە 28/6/2022، مەکتەبی هەڵبژاردنی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ خاوەن کورسین له‌ پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان کۆده‌بنەوە. وا بڕیاره‌ کۆبوونەوەکە کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ بەڕێوەبچێت و مستەفای سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە دەکات. كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت ده‌بێ به‌ خستنه‌ڕووی سەرنج و بۆچوونەکانی حزبه‌كان سه‌باره‌ت به‌ کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و هەمواردکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران كه‌ هه‌ر لایه‌ن و له‌ راپۆرتێکدا له‌و باره‌یه‌وه‌ راو پێشنیاز و دواهه‌ڵوێستی خۆیان ده‌خه‌نه‌ بەردەم لێژنە تایبەتەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان. دوای ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌، بڕیاروایە بۆچوونی حزبەکان لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بکرێتە رەشنووسێک و بخرێتە بەردەم کۆبوونەوەی باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی حزبە سیاسییە کوردستانییەکان لە سەرەتای مانگی داهاتوو.