پۆلیس ورده‌كاریی فه‌رمى له‌باره‌ى كوشتنى ژن و مێرده‌كه‌ى هه‌ولێر ئاشكرا كرد

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى پارێزگاى هه‌ولێر له‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات، له‌ شه‌قامى سورچییانى هه‌ولێر، دوو كه‌س كوژران، كه‌ هاوسه‌رى یه‌كتر بوون. ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 30/6/2022، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیسى پارێزگاى هه‌ولێر، ڕاگه‌یاندراوێكى بڵاو كرده‌وه‌ تێیدا هاتووه‌: “به‌یانیی ئه‌مڕۆ ڕووداوێکی کوشتن لە سنووری شاری هەولێر لە گەڕەکی (سه‌ڵاحه‌دین – شەقامی سورچییان) ڕووی داوە، دوای گەیشتنی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بۆ شوێنی ڕووداوه‌كه‌، دەرکەوت کە دوو کەس کوژراون کە هاوسەرى یه‌كترن، بە ناوەکانی (زەکەریا ڕۆسته‌م جبرائیل) و (سومەییە س. ا)”. ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ ڕوو، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە تۆمەتباری بکوژ برای (سومەییە)یە بەناوی (س. س. ا)، هۆکارەکەشی بۆ کێشەیەکی خێزانی دەگەڕێتەوە.