ئاكرێ.. بە گوژمەی 20 ملیار دینار پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەكرێن

قایمقامی قەزای ئاكرێ ڕایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای ئاكرێ جێبەجێ دەكات و لەم نزیكانە تیایاندا دەست بە كاركردن دەكرێت. مازن محه‌مه‌د سه‌عید، قایمقامی قه‌زای ئاكرێ بۆ (باسنیوز) گوتی: “سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندیی داوە لەسەر تەرخانكردنی پارە بۆ چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری، كە ئێستا بە گوژمەی 20 ملیار پرۆژە ڕەوانەی ئیدارەی پارێزگای دهۆك كراون و دوای ڕاگەیاندن و دەرچوونی تەندەر، لە ئاكرێ دەست بە جێبەجێكردنیان دەكرێت، پرۆژەكانیش لە بواری ئاو و كارەبا و پەروەردە و شارەوانی و شەقامەكانن و چەندین پرۆژەی دیكەیش لە ناحیەكانی بجێل و گەردسین و دینارتێ جێبەجێ دەكرێن”. قایمقامی قه‌زای ئاكرێ، ئاشكراشی كرد: “دوو پرۆژەش بە نیوەچڵی ماونەتەوە و تەواو نەكراون، ئەوانیش تەواو دەكرێن و دەكەونە خزمەت هاووڵاتییاندا”. مازن محه‌مه‌د سه‌عید گوتیشی: “بودجەیەكی تایبەتیش بە گوژمەی چوار ملیار دینار بۆ دروستكردنی شەقامێك تەرخان كراوە، كە دانیشتوانی چەندین گوند سوودی لێ دەبینن، كە لە سنووری ناحیەی دینارتەدایە و درێژییەكەی 21 كیلۆمه‌تر دەبێت”.