پاش دوو جار شکانی له ماوهی 48 كاتژمێردا، بۆڕی ئیفراز سێ چاککرایەوە و بەرپرسێکی ئاویش ئاشکرای دەکات تاوەکو شەو 70%گەڕەکە بێ ئاوەکان ئاویان پێدەگاتەوە. ئاری ئەحمهد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند:” دوای چەندین کاتژمێر کارکردن تیمەکانمان توانیان بۆڕی ئیفراز سێ لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چاکبکەنەوە و ئێستا ئاو بۆ هێڵە سەرەکییەکان کراوەتەوە”. ئاماژەی بەوەش دا قۆناغ بە قۆناغ ئاو بۆ گەڕەکەکان دەگەڕێتەوە، گوتیشی: ” تاوەکوو شەو ئاو بۆ 70%ی ئەو گەڕەکانە دەگەڕێتەوە کە بێ ئاو بوونە و دواتر هەموو شوێنەکان ئاویان پێدەگاتەوە”.دوێنی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ” بۆڕی ئیفراز بە درێژیی 11 کیلۆ مەتر دەگۆڕدرێ، لە ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی وەرگیراوە بە دێژیی 11 کیلۆمەتر بۆڕییەکە دەگۆڕدرێ، بەڵام تاوەکوو دەگۆڕدرێ بۆڕیی کۆن کاری پێدەکرێ”. ڕۆژی هەینی، بۆڕی ئاوی ئیفرازی سێ، شکا دواتر چاککرایەوە و دوێنێش دووبارە شکاوە. بۆڕیی ئاوی ئیفراز سێ، کەوتووەتە باکووری شاری هەولێر و نزیکەی 40٪ی ئاوی شاری هەولێر، کە بریتین لە گەڕەکەکانی باکوور و رۆژئاوای شارەکە دابین دهكات.
بۆڕی ئاوی ئیفرازی 3 چاککرایەوە
