ئەمڕۆ دووشەممە کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند لە ماوەی سێ ساڵدا بەرهەمهێنانی وزەی كارەبایان بە بڕی 615 مێگاوات زیاد كردووە. دەشڵێ ئێستا ژێرخانی کارەبای هەرێمی کوردستان 6700 مێگاواتە و بەرهەمهێنانی کارەباش 3500 مێگاواتە، لە شەو و ڕۆژێكدا دەوروبەری 16 کاتژمێر کارەبا بە هاووڵاتییان دەدرێت. وەزیری كارەبا ئاماژەشی بەوە داوە كە کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ پێشخستنی کەرتی کارەبایان کردووەتە پلانی وەزارەت و لەم سێ ساڵەدا، پلانەکەیان لە هەرسێ سێکتەری بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا جێبەجێ کردووە. لە بواری بەرهەمهێنانیشدا، 615 مێگاوات کارەبایان زياد کردووە، لە وێستگەی خەبات 300 مێگاوات، لە گەرمیان 165 مێگاوات، لە دوکان و دەربەندیخانیش 150 مێگاوات. هەروەها ئاماژەشی بەوە داوە كە بەرهەمهێنانی کارەبای 24 کاتژمێری پێویستی بە سوتەمەنی و تێچوونی زیاتری هەیە، وەزارەتی کارەبا بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، خۆی لەگەڵ داهاتی هەرێم گونجاندووە و ساڵی داهاتووش بە بەرزبوونەوەی بەرهەمهێنانی گاز، هەندێك لە وێستگەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەگەڕ دەخرێن.
وەزیری کارەبا: لە ماوەی سێ ساڵدا بەرهەمهێنانی وزەی كارەبامان بە بڕی 615 مێگاوات زیاد كردووە
