بڕیارێك بۆ هەزاران مووچه‌خۆر دەردەچێت و مووچەكانیان زیاد دەبێت

 ماوەی خزمەتی مامۆستایانی دامەزراوی گرێبەست ئەژمار دەكرێت. وەزارەتی پەروەردە و داراییش روونكردنەوە لەبارەی وردەكاریی بابەتەكە دەدەن. مەریوان بەگۆ، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان، لە وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانمان بۆ هاتووە، بۆ ئەژماركردنی ماوەی خزمەتی گرێبەستی ئەو مامۆستایانەی، كە پێشتر گرێبەست بوون  و دواتر دامەزراون”. ئاماژەی بەوەش كرد، سەرجەم پەروەردەكانیان ئاگادار كردووەتەوە، كە كار بە ناوەڕۆكی نووسراوەكەی ئەنجوومەنی وەزیران بكرێ، گوتی: “هەموو پەروەردەكان دەبێـت ماوەی خزمەتی گرێبەستی مامۆستایانی گرێبەست رەوانە بكەن و پاشان ئێمەش رێكارەكان تەواو دەكەین”. حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە پێنج هەزار مامۆستای گرێبەستی لە ساڵی 2020 كردە هەمیشەیی. ئەو بەرپرسەی پەروەردە گوتیشی: “بەپێی رێنوێنییەكان، بەپێی خزمەت و بڕوانامەكەی پارەی لێبڕینی خانەشینی لەو مامۆستایانە وەردەگیرێت، كارەكەش لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشین دەبێت”. لای خۆیەوە، حازم گۆران، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “بەپێی رێنوێنییەكان، ئێمە لێبڕینی خانەشینی بۆ ئەژماری خزمەتی فەرمانبەر و مامۆستای گرێبەست وەردەگرین، هەركات پەروەردە نووسراو بنێرێت، ئێمەش مامەڵەكانیان بۆ رایی دەكەین”. بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی گوتی: “ئەو مامۆستا گرێبەستانەی فەرمانی دامەزراندنیان دەرچووە، خزمەتەكانیان بۆ خانەنشینی و سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوە ئەژمار دەكرێت، هەر تەنیا بۆ خانەنشینی نییە، كاتێك خزمەتەكە ئەژمار دەكرێت، ناونیشانیان بەرزتر دەبێتەوە و مووچەشیان زیاد دەبێت، وەكوو خزمەتی فیعلی، ئەو ماوەیەی گرێبەست بوونە بە خزمەت بۆیان ئەژمار دەكرێت”. جەختیشی كردەوە، دوای ئەوەی نووسراویان بۆ دەكرێت بۆ ئەژماركردنی خزمەتیان، ئەوكات لێبڕینی خانەنشینیان بۆ دەكرێت، گوتیشی: “بۆ ئەوەی پارەی خانەنشینی، یان لێبڕینی خانەنشینی لەو كەسانە وەربگیرێت، ئەو كاتە بەگوێرەی بڕوانامەكەی پارەی لێ وەردەگیرێت، كە بۆ هەر مانگێك 9 هەزار و 800 دینار دەست پێدەكات، تا دەگاتە 30 هەزار دینار”. بۆ خزمەتی هەر مانگێك بۆ دەرچووی سەرەتایی 10 هەزار و 640 دینارە، ئامادەیی 16 هەزار و 600 دینارە، بۆ پەیمانگا 18 هەزار و 200 دینارە، بەكالۆریۆس 20 هەزار و 720 دینارە، بۆ ماستەر 26 هەزار و 180 دینارە، دكتۆرا 30 هەزار دینارە. بەرپرسەكەی خانەنشینی دووپاتی كردەوە، ئەوەی بیەوێت خزمەتەكەی بخرێتە سەر وەزیفەكەی، دەبێت پارەی خانەنشینی بدات، گوتیشی: “هەر كەسێك پارەی لێبڕینی ماوەی خانەشینی نەدات، خزمەتەكەی بۆ ئەژمار ناكرێت، بۆیە دەبێت هەموو ئەوانەی گرێبەستن، كە دەبنە هەمیشەیی، ئەو بڕە پارەیە بدەن، كە بۆیان دیاری كراوە”.