بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 19ی تەمووزی 2022، هەریەك لە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی ڕووسیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرکۆماری تورکیا و ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرکۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران کۆببنەوە. بەپێی زانیاریی میدیاكان، خاڵی جەوهەریی كۆبوونەوەی لوتکەی تاران، لەبارەی قەیرانەکانی سووریا و گەڕانەوەی ئاوارەکانی ئەو وڵاتە لە تورکیاوە بۆ سووریا دەبێت، بەڵام ئەوەش تەنیا ئەجێندای کۆبوونەوەکە نییە. باس لەوە دەكرێت، تورکیا ڕژدە لەسەر گەڕاندنەوەی ئاوارە سوورییەکان بۆ وڵاتەکەیان، هاوکات دەیەوێ ئەوە بکاتە کارتێکی فشار بۆ ئەو هێرشەی کە پلانی داناوە بیکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان. هەر بەپێی زانیارییەکان، جگە لە قەیرانی سووریا، لەو کۆبوونەوەیەی لوتکەی ئەو سێ وڵاتەدا، باس لە ئاڵەنگارییەکانی پرسی وزە دەکرێت، هەروەها پێکهێنانی هاوپەیمانێتیی نێوان ئەو سێ وڵاتە لە لایەك، هیندستان و چین لە لایەكی دیكەوە، بابەتێکی دیکەی گفتوگۆکانی ئەو سێ سەرۆکە دەبێت. چاودێران وای لێک دەدەنەوە کە ئەوە جەمسەرگیریی ئەو وڵاتانە بێت لە بەرامبەر ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، هەروەها وەکوو وەڵامێکیش بێت بۆ سەردانەکەی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
سەرۆکەکانی ڕووسیا، تورکیا و ئێران لە تاران کۆدەبنەوە
