وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشکرایکرد کە بڕی 42 هەزار تۆن لە برنجی تایلەندی بۆ دابەشکردنی لەگەڵ سەبەتەی خۆراکی هاووڵاتییان گەیشتە کۆگاکان. وەزارەتی بازرگانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە کە بڕی 42 هەزار تۆن لە برنجی تایلەندی گەیشتووەتە کۆگاکان و تیمێكی سەرپەرشتیاری تەكنیكی لە پشكنەرانی تاقیگە لە بەشی كۆنترۆڵی جۆری كۆمپانیای خۆراك و بەشی كۆنترۆڵی بازرگانی نموونەی سەرەتاییەكانیان لەم برنجە بۆ پشکنین نێردراوە بۆ ئەوەی بزانرێت گونجاوە بۆ خواردن. هەروەها ئەوەش خراوەتە روو: “کوالێتی برنجی هاوردەکراو و گرێبەستکراو بۆ سەبەتەی خۆراک لە برنجی سپی دانەوێڵەی درێژە، کە وەک یەکێک لە باشترینەکانی جیهان پۆلێن دەکرێت”. ماددەکانی ناو بەشە خۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان پێکهاتووە لە (برنج، شەكر، زەیت، فاسۆلیا، لەتكەنۆك، دۆشاو و ئارد) کە بۆ هەر کەسێک بەم شێوەی لای خوارەوە دابەش دەکرێت لە هەموو عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە: 1- برنج سێ کیلۆ2- شەکر یەک کیلۆ3- زەیت یەک لتر4- دۆشاوی تەماتە 400 چوارسەد گرام5- پاقلەمەنی یەک کیلۆ (فاسۆلیا و نیسک و لەتكەنۆك)6- ئارد نۆ کیلۆ
برنجی تایلەندی گەیشت و دابەشی سەر هاووڵاتییان دەکرێت
