سه‌رۆك بارزانی: شنگال لە دەستی كۆمەڵێك هێز و چەكدارە كە ڕێگربوونە لە گەڕانەوەی خەڵك و ئاوەدانكردنەوەی

له‌ ساڵوه‌گه‌ڕی په‌لاماری تیرۆریستان بۆ سه‌ر شنگال و جینۆسایدی ناوچه‌كه‌، سه‌رۆك بارزانی په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند شنگال لە دەستی كۆمەڵێك هێز و چەكدارە كە ڕێگربوونە لە گەڕانەوەی خەڵك و ئاوەدانكردنەوەی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 3/8/2022، سه‌رۆك بارزانی په‌یامێكی له‌ ساڵوه‌گه‌ڕی كاره‌ساتی شنگالدا ڕاگه‌یاند و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد: ئەمڕۆ هەشت ساڵ بەسەر پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر شنگال تێدەپەڕێت. تاوانی جینۆسایدی شنگال برینێكی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان. لەم كارەساتەدا خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بەهۆی كوردبوون و بەهۆی ئایین و بیروباوەڕییان كەوتنە بەر شاڵاوی تیرۆریستان. ئەوەی تاوانبارانی داعش لە دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا درێژەكراوەی ئەو زنجیرە كارەسات و تاوانانە بوو كە بە درێژایی مێژوو لە بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراوە. لە یادی كارەساتی كۆمەڵكوژیی شنگالدا جێگەی داخە سەرباری بوونی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق لەمەڕ ئاییندە و بەڕێوەبردنی شنگال، هێشتا ڕێككەوتنەكە جێبەجێنەكراوە و، شنگال لە دەستی كۆمەڵێك هێز و چەكدارە كە ڕێگربوونە لە گەڕانەوەی خەڵك و ئاوەدانكردنەوەی شنگال. هەنگاوی یەكەمی سارێژبوونی برینی شنگال، ئەوەیە شنگال بگەڕێتەوە دەست خاوەنە ڕەسەنەكانی و ئەو هێز و میلیشیایانەی دەستیان بەسەر شنگالدا گرتووە واز لە شنگال بهێنن و، ڕێككەوتنی شنگال جێبەجێ بكرێت. هەروەها پێویست دەكات ڕێوشوێنی وا بگیرێتە بەر كە چیتر كارەسات و زوڵم و تاوان لەدژی ئێزیدییەكان و پێكهاتەكانی تر دووبارە نەبێتەوە. لەم یادە دڵتەزێنەدا بە بەرزی یادی شەهیدان و قوربانیانی شنگال دەكەینەوە. هاوكات یادی ئەو شەهید و پێشمەرگە قارەمانانەیش دەكەینەوە كە بە خوێنی خۆیان چیای شنگالیان پاراست و ئابلۆقەی تیرۆریستانیان لەسەر چیای شنگال تێكشكاند و شاری شنگالیشیان لە دەست تیرۆریستان ئازاد كرد و، سەرئەنجام مەردانە ئەفسانەی داعشیان تێكشكاند و، سەری تیرۆریستانی داعش كەوتە ژێر پێی كوردانی ئێزیدی. هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی شنگال و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان.